
کوردستان وڵاتی چیرۆکە نەگێڕدراوەکانە، لە چیرۆکە تراژیدییەکانی ئەنفالەوە تا چیرۆکە سەرسووڕهێنەرەکانی بەرخۆدان و خۆڕاگری. ئەو چیرۆکە جوان و پڕواتا و سەرنجڕاکێشانەی جیهان تامەزرۆی بیستن و بینینیانە.
ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ کاردەکەین بۆ دروستکردنی ناوەندێکی سینەمایی بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە و بوونیادنانی ژێرخانێکی پتەو بۆ سینەمای کوردستان. هەر لەم چوارچێوەیەدا بەشداریم کرد لە فستیڤاڵی فیلمی کان تا لەوێوە مزگێنیی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی رابگەیەنم.
کۆمیسیۆنەکە ئامانجییەتی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی سینەمای جیهانی و دەبێتە پردێکی پەیوەندیی لەنێوان کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی فیلم تا لە کوردستان فیلم بەرهەم بهێنن و دەرفەتیش دروست دەکات بۆ بەشداریکردنی ئەکتەر و سینەماکارانی کورد لەو بەرهەمە جیهانییانەدا. هەروەها لەڕێی راهێنانەوە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کارامەیی سینەماکارانی کوردستان.





