
بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆڕبەندی ئابوری دێڵفی لە سلێمانی دەستیپێكرد، كە نەخشەڕێگای چارەسەركردنی گرفتە ئابورییەكان دیاری دەكات، سیمیۆن تسۆمۆكۆس سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی-یش رایدەگەیەنێت: “لە كۆڕبەندەكەدا تاوتوێی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوروپا دەكەین”.
ئەمڕۆ 18-5-2025، بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆڕبەندی ئابوری دێڵفی لە سلێمانی دەستیپێكرد، سیمیۆن تسۆمۆكۆس سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی، وتاری دەستپێكردنی كۆڕبەندەكەی خوێندەوە و رایگەیاند: “ئەم كۆڕبەندە تەنها سیاسەتێك نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەنجام و دیدگایەكی نوێی هەبێت، لەم كۆڕبەندەشدا تاوتوێی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوروپا دەكەین”.
وتیشی:” کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە 10 ساڵی رابردوودا لە یۆنان لە شاری دێڵفی ئەنجامدراوە، کە تیشکدەخاتە سەر ئابووریی جیهانی، ژمارەیەک کۆڕبەندی دیکەش لەژێر چاودێریی دێڵفی لە چەند شارێکی وەک واشنتن و بەرلین و پاریس ئەنجام دەدرێت”.
سیمیۆن تسۆمۆكۆس سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی وتیشی: “سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە ئەمڕۆ لەگەڵماندا ئامادەن و بەشداری كۆڕبەندەكە دەكەن”.
هەر لە كۆڕِبەندەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: “سلێمانی بووەتە نموونەی ئاشتی و پێكەوە ژیان و پێشوازی لە دیالۆگێكی نێودەوڵەتی دەكات، ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندە شانازییە بۆ پارێزگاكە و هەرێمی كوردستان، چونكە سلێمانی وەك شاری فێربوون و داهێنان ماوەتەوە”.
راشیگەیاند: “پەیوەندی نێوان و هەرێمی كوردستان و یۆنان بەردەوام بەهێزتر دەبێت و رۆڵێكی چالاكمان گێڕاوە لە كاركردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانمان بۆ كار و باری ئابوری، هاوكات رۆڵی گرنگمان هەیە لە ئاشتی و ئارامی لە عیراق و ناوچەكە، هەروەها لە گۆڕەپانی ناوچەكەدا وەستاوین و بەشێكین لە ئاوەدانی و ئارامی”.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا: “هەرێمی كوردستان بەشدارە لە پرسە نیشتمانی و جیهانییەكانی وەك (وزە، كۆچ، ئاو و هەوا، ئابوری) و چەندین پرسی دیكە، ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندەش بەشێكە لە بەشداری كارامان لە پرسی ئابوری جیهانی، هاوكات ئامانجمانە لەم كۆڕبەندەدا چاكسازی گەورە بێتە دی بۆ راكێشانی وەبەرهێنەران بۆ سلێمانی”.
ئەوەشی راگەیاند: “سلێمانی پڕە لە توانا و وزە و گەنج، كە دەتوانن هاوبەشی راستەقینە لەگەڵ وڵاتاندا بكەن و پەرە بە تواناكانیان بدەن، هاوكات لە رابردووشدا رۆڵی چالاكمان لە چاكسازی ئابوریدا بینیوە و بەردەوام دەبین”.
لە كۆتایی وتەكانیدا جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: “سوپاس بۆ سیمیۆن تسۆمۆكۆس سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی و سوپاس بۆ هەموو ئەو میوانانەی كە ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵماندان، بۆ تاوتوێ كردنی چاكسازی گەورە لە بواری ئابوریدا”.
كۆڕبەندی ئابوری دێڵفی، كۆڕبەندێكی ستراتیژییە بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی و گەشەپێدانی هەرێمایەتی، كەتێیدا تاوتوێی بوارەكانی ئاسایش، وزەی بەردەوام، هەمەچەشنیی ئابوری و دواپێشهاتەكان دەكات، جەخت لەسەر دەرفەتەكانی وەبەرهێنانیش دەكاتەوە، هاوكات پلاتفۆڕمێكی نوێی جیهانییە بۆ دیالۆگ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە بۆ یەكەمین جارە لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
