ئیدارەی راپەڕین کۆبوونەوەیەکی فریاگوزاری بەڕێوەدەبات

ڕاپەڕین، هەرێمی کوردستان – هیوا قەرەنی – سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی قائیمقامەکانی قەزاکانی رانیە و پشدەر، ڕۆژی پێنچشەممە، ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی گرنگی فریاگوزاری تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە بەشداری بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بەڕێوەبەرانی ناحیەکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە حکومییەکانی دەڤەرەکە لە دیوانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بەڕێوەجوو، مەترسیە جدییەکان دیاری کران کە بەهۆی وشکەساڵییەوە ڕووبەڕووی ناوچەکە بۆتەوە
قەرەنی، لە شیکردنەوەیەکی ورددا کە سەبارەت بە دۆخی ئێستا پێشکەشیکرد، هەم تیشکی خستە سەر هەڕەشە نزیکەکان و هەم ئەو هەوڵانەشی ڕوونکردنەوە کە دەدرێن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکان، هەروەها ئەو میکانیزمەشی دیاریکرد کە پێویستە جێبەجێ بکرێن بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام.
کۆبوونەوەکە دوای گفتوگۆی فراوانی ئامادەبووان، بڕیاریدا بەجێبەجێکردنی هەر ڕێکارێکی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم وشکەساڵیە، بە ئامانجی ئەوەی کە بتوانرێت کاریگەرییەکەی لەسەر ناوچەکە کەمبکرێتەوە و هاوڵاتیان لە زیانەکان بپارێزرێن. هەروەها داوای لە هاوڵاتیان و دانیشتوانی سنوری ڕاپەڕینیشکرد کە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بکەن.