فراکسیۆنی یەکێتی داوا لە سەرۆک وزیرانی عیراق دەکەین لێژنەیەکی بە دواداچوونی بەپەلە دروست بکات بۆ دەرخستنی ڕاستیەکان


فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت:” ئامانج لەم کردەوانە پێشێلکردنی سەروەریی خاک و ئاسمانی عیراق و کوردستانە، بۆیە داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق دەکەین لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت”.

لە راگەیاندراوێکدا لەبارەی کەوتنەخوارەوەی دوو درۆن لە سنووری سلێمانی، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند:” ئیدانەی ئەو کارە تاوانکارییە دەکەین، کە لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبرێژکراوەوە بارەگای هێزەکانی 70 ی لە ناوچەی تاسڵوجەی سلێمانی بەئامانج گیرت”.

راشیانگەیاندووە،”ئامانج لەم کردەوانە پێشێلکردنی سەروەریی خاک و ئاسمانی عیراق و کوردستانە و ئاسایشی ناوچەکە و ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە”.

هەر لەڕاگەیەنراوەکەدا فراکسیۆنى یەکێتى ئاماژەی بەوەشکردووە:” بەهەمانشێوە دوو رۆژ لەمەوبەر پارێزگای کەرکوک بەئامانج گیرا و شەوى رابردووش سلێمانی، هەر بۆیە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عیراق دەکەین، لیژنەیەکی بە دواداچوونی بەپەلە دروستبکات بۆ دەرخستنی راستییەکان و دیاریکردنی سەرچاوەی سەرەکی هەڵدانی موشەک و درۆنەکان”.