شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکان کۆدەبێتەوە: پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەربکرێن”

6ی7ی2025،

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەهۆڵی رۆشنبیری شاری رانیە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەو پێشمەرگە دێرینەکانی سنوورەکە کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی یەکێتی ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی دیاری پێشمەرگە دێرینەکان و دانیشتوانی تێکۆشەری دەڤەری راپەڕین کە لە خەباتی پێشمەرگانەی شاخدا قوربانی زۆریان بەخشیووەتە خاک و نیشتمان و لە تێکۆشانی دوای راپەڕین و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانیشدا پشکی شێریان لە قوربانیدان و ماندووبوون بەرکەوتووە، هاوکات خەم و پەژارەی خۆشی دەربڕی کە ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرە دێرینەکان بەجەستە جێیانهێشتووین و لەناوماندا نەماون.
پاشان، لێپرسراوی ئەنجومەن، ئاماژەی بە بارودۆخی ئێستای خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی توێژی مووچەخۆران کرد کە بەدەست کۆمەڵێک گرفتی ئابورییەوە دەناڵێینن و جەختی کردەوە کە خەڵک مافی خۆیەتی گلەیی لەم رەوشە بکەن کە تێیدان و لەو رووەشەوە پێویستە تێکۆشەرانی یەکێتی وەک هەمیشە لەگەڵ ئێش وئازارەکانی کۆمەڵانی خەڵکدابن و کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بکەن کە توانای چارەسەرکردنیان هەیە، هەروەک بەپێویستی زانی کە دەبێت بەپەلە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەربکرێن و کۆتایی بەمەینەتییەکانی خەڵک بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی بهێندرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شێخ جەعفەر باسی لە پێگەی گرنگ و کاریگەری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرد لەنێو هاوکێشە سیاسیی و ئەمنییەکاندا، هاوکات رایگەیاند کە پێویستە تێکۆشەرانی یەکێتی، لەپاڵ رەخنەگرتن لە کەموکورتییەکان، داکۆکی سەرسەختانە لە حوکمڕانی خۆمان بکەن کە بەخوێنی هەزاران کەس لە پێشمەرگە دێرینەکان و دڵسۆزانی میللەتەکەمان پێکهێنراوە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لە ئامادەبووان بە تێڕوانین و سەرنجەکانیان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بەپێزتر کرد.