یەكەمین بانكی جینی رووەكی لە سلێمانی دادەمەزرێندرێت


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، بەردی بناغەی یەكەمین بانكی جینی رووەكی لە سلێمانی-هەرێمی كوردستان-عیراق دانا، بۆ كۆكردنەوە و پاراستنی بنەتۆ و رەگەز و وەچەی ئەو رووەك و ئاژەڵ و زیندەوەرانەی كە مۆركی رەسەنی كوردستانی و عیراقیان پێوەیە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران لە رێوڕەسمێكدا لە پاركی هەواری شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و دكتۆر سەڵاح، نوێنەری رێكخراوی فاو لە عیراق و دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ 7ی تەمموز، بەردی بناغەی پڕۆژەی جین بانكی دانا.
جین بانك پڕۆژەیەكی گرنگی ستراتیژی گەشتوكاڵییە و بودجەكەی لەلایەن رێكخراوی فاوەوە دابین كراوە، پڕۆژەكە لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی جێبەجێ دەكرێت بە ئامانجی كۆكردنەوە و پاراستنی بنەتۆ و رەگەز و وەچەی ئەو رووەك و ئاژەڵ و زیندەوەرانەی كە مۆركی رەسەنی كوردستانی و عیراقیان پێوەیە.
لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا ناوەندێكی زانستیش دادەمەزرێت بۆ توێژینەوە لەسەر رووەك و ئاژەڵ و زیندەوەرەكان و چۆنییەتی پاراستنیان و ژمارەیەكی بەرچاویش هەلی كار بۆ پسپۆڕانی بوارەكە دەڕەخسێنێت.