ئیدارەی ڕاپەڕین و فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە

رانیە – سێشەممە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٥

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژە و کاروبارەکانی هاوڵاتیان لە سنورەکە، ئەمڕۆ بەڕێز هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین پێشوازی کرد لە هەیئەتێکی ئەنجومەنی وەزیران.

هەیئەتی میوان پێکهاتبوو لە بەڕێزان نەورۆز قازی، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران و چەتۆ کەریم، ڕاوێژکاری فەرمانگە یاسایی ئەنجومەنی وەزیران.
لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان و ڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتیان لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین. گفتوگۆکان جەختیان لە فەرمانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی کردەوە بۆ لابردنی هەر ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و کاروباری هاوڵاتیانی سنورەکە کردەوە.
لە میانەی گفتوگۆکاندا، هەردوو لایەن کێشە و گرفتەکانی ئێستایان باس کرد و ڕێکارەکانی چارەسەرکردنیان بۆ گەشەپێدانی سنورەکە و باشترکردنی خزمەتگوزاری هاوڵاتیان دیاری کرد.
دیدارەکە لە ئاراستەی پشتگیری لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم بۆ فراوانکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی ئیدارە سەربەخۆەکان بەڕێوەچوو.