ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان: بەیەكڕیزی دەتوانین داكۆكی لە شایستە داراییەكانی خەڵك بكەین


ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ كۆبووەوە، ئەنجومەنەكەش راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا دەستخۆشی لەهەوڵەكانی سەرۆك بافڵ و تیمی كوردستانيی یەكێتی كرد لەچارەسەركردنی پرسی مووچە و رایگەیاند: “بەیەكڕیزی دەتوانین داكۆكی لە شایستە داراییەكانی خەڵك بكەین”.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ 16ی 7ی 2025، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبووەوە .

كۆبوونەوە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دواپێشهاتەكانی پرسی مووچەو گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و دیاردەی دزێوی پەلاماردانی شوێنە جیاجیاكانی  كوردستان بە درۆن و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئابوورییەكان .

سەركردایەتی یەكێتی بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارە دوژمنكارانەی كرد كە مەرام لێی زیان گەیاندنە بە ئاسایش و ئارامی و ئابووری وڵاتەكەمان و گوشارخستنە سەر قەوارەی هەرێم .

كۆبوونەوە داواشیكرد حكومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و رەسمی و دەستووریی خۆی راپەڕێنێت بەرامبەر ئەمنیەتی هاووڵاتیانی كوردستان و ئەوانەی هەڵدەستن بەو تاوان و پێشێلكاریانە رووبەڕووی دادگایان بكەنەوە و رێگا نەدەن درزی ئەمنی قووڵ بێتەوە.

بەشێكی تری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی هەستیار و خراپی  ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك،  بە تایبەت پێویستی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و بوژاندنەوەی بازاڕ و ئاوەدانی .

كۆبوونەوە تەئكیدی  لەسەر ستراتیژی كوردستانی و پێكەوەیی بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كردەوە و دەستخۆشی لە هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ و تیمی كوردستانی كرد لە چارەسەركردنی ئەو پرسە.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای دەستخۆشی لەهەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و ئومێدی سەرخستنی هەوڵەكان و پابەندبوونی هەموولایەك پێوەی روونیكردەوە ئەوەی بەدەست هاتووە بەرهەمی یەكڕیزی و پێكەوەیی هەڤاڵانی سەركردایەتیی یەكێتییەكەمانە كە پشتیوانمانن و دەستكراوەیان كردووین بۆ داكۆكی زیاتر لە ویست و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بە پێكەوەییمان و یەكڕیزمان لە هەرێم دەتوانین داكۆكی لە شایستە داراییەكانی خەڵكەكەمان بكەین و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەمان باشتر بپارێزین .

كۆبوونەوە هەروەها چەند پرسێكی تری سیاسی تاوتوێكرد و هەڵسەنگاندیان بۆ كرا .

بە ڤیدیۆ.. كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی