
ڕانیە – یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی تەموزی ٢٠٢٥، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی ڕانیە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەچوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی کاری ماستەرپلانی شارەوانیەکانی ڕانیە، حاجیاوا و چوارقوڕنە.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و کەسانی پەیوەندیدار بەڕێوەچوو، لەوانە بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی ڕاپەڕین، بەڕێوبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی ڕاپەڕین، سەرۆکی شارەوانیەکانی ڕانیە و حاجیاوا، هەروەها سکرتێر و نوێنەرانی ئەنجومەنی شارەوانیەکانی سێ ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی سەرپەرشتی ماستەرپلانی شارەوانیەکان و ژمارەیەک کەسی پسپۆڕ لە بواری پلاندانانی شارستانی بەشداریان کرد بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی باشترین ستانداردەکانی پلاندانان.
بەشداربووان تیشکیان خستە سەر هەنگاوە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە و تاوتوێی وردەکاریەکانیان کرد. لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا، کۆنووسێکی هاوبەش ئامادەکرا کە چوارچێوەی کارەکان و میکانیزمی جێبەجێکردنیان تێدا ڕوونکراوەتەوە.
بڕیارە کۆنووسە ئامادەکراوەکە لە داهاتوودا بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی شارەوانیەکان بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردن. دوای تەواوبوونی پڕۆسەی پرس و ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆنووسەکە بۆ لیژنە تایبەتمەندەکان بەرز دەکرێتەوە بە مەبەستی دەستپێکردنی فەرمی کار لەسەر ماستەرپلانەکە.
ماستەرپلانی نوێ وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ ڕێکخستنی گەشەی شارستانی لە ناوچەکەدا و دڵنیابوون لە بەکارهێنانی گونجاوی زەوی و سەرچاوەکان بۆ داهاتوو.
