
بەغدا -لە گۆڕانکارییەکی گرنگدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عیراق بڕیاریدا کە هەموو خوێندکارێکی زانکۆکانی عیراق مافی بەشداری لە تاقیکردنەوەی سەرکەوتن هەبێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە بدریە حسێن عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عیراق، لە فراکسیۆنی یەکیتی پێشتر لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بۆ ئەم مەبەستە داواکاری پێشکەش بە وەزارەتەکە کردبوو.
ئەم بڕیارە کۆتایی بە سیاسەتی جیاکار دێنێت کە پێشتر تەنها خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی لە بەشداری ئەم تاقیکردنەوە گرنگەدا بێبەش کردبوون. لە نامەی فەرمی پەرلەمانتارەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە چەندان خویندکاری کورد لە زانکۆکانی بەغدا، موستەنسیریە، بەسرە، تکنەلۆژی، کوفە، کەربەلا و زانکۆکانی تری عیراق ناتوانن بەشداری بکەن.
پەرلەمانتارەکە لە نامەکەیدا وتوویەتی: “چەندین خوێندکاری کورد لە هەرێم بەهۆی مەرجەکانەوە، ناتوانن بەشداری لە تاقیکردنەوەی سەرکەوتن بکەن.” وەزارەتی خوێندنی باڵا وەڵامی ئەرێنی بە داواکارییەکە داوەتەوە و لە نووسراوێکی فەرمیدا کە واژۆی بەڕێوەبەری گشتی بەرێوەبەرایەتی تویژینەوە و گەشەپێدان’ی لەسەرە، دووپاتکراوەتەوە کە هەموو خوێندکارانی زانکۆکانی عیراق و هەرێم ئێستا دەتوانن بەشداری بکەن.
ئەم سەرکەوتنە نموونەیەکە لە کاریگەری پەرلەمان لەسەر سیاسەتەکانی حکومەت و پارێزگاری لە مافەکانی هاوڵاتیان. هەروەها پیشانی دەدات کە چۆن دەنگی تاکەکەس دەتوانێت گۆڕانکاری لە سیستەمێکدا دروست بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە وێبسایتی Raparin24 بەدریە حسێن ڕایگەیاند: ” هاوکات لەگەڵ سوپاس و پێزانیمان بۆ بە دەنگەوە هاتنی وەزیری خوێندنی باڵای عیراق و وەزارەتەکە، دووپاتی دەکەینەوە کە فراکسیۆنەکەمان وەک هەمیشە لە خەڵکەوە بۆ خەڵک دەمێنێتەوە و پیرۆزبایی لە خوێندکارانی کورد و زانکۆکانی هەرێم دەکەم.”.
بەپێی ئامارەکان، ئێستا سەدان خوێندکاری زانکۆکانی هەرێم دەتوانن بۆ یەکەمجار بەشداری لەم تاقیکردنەوەیەدا بکەن، ئەمەش دەرفەتێکی نوێ بۆ خوێندکارانی کورد دروست دەکات.
