شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هەمیشە پشتیوانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال بووم، وەک بەڵێنم پێدان هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هەمیشە پشتیوانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال بووم، وەک بەڵێنم پێدان هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین
سەبارەت بەدەستگیرکردنی عەجاج، خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی بڵاو کردەوە کەئەمە دەقەکەیەتی:


هەمیشە پشتیوانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال بووم، وەک بەڵێنم پێدان هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین هەرچەند بخایەنێت، لێپرسینەوە لەوانەش بکرێت کە دەستی چەپەڵیان بەخوێنی ژنان و منداڵانی بێتاوانمان سوورە.

دواجار توانیمان شوێنی عەجاج ئەحمەد حەردان دیاری بکەین کە یەکێک بوو لەو جەلادە دڕندانەی زیندانی نوگرە سەلمان لە قوڵایی بیابانی سەماوە لە پارێزگای موسەنا، دەستگیر بکەین. ئەو زیندانەی هەزاران ژن و منداڵ و پیر تێیدا ئەشکەنجە دران و برسی کران و بە بێدەنگی خرانە ژێر خاکەوە.

عەجاج بە مامەڵەی دڕندانە و دژ بە مرۆڤایەتی و ئەو ترس و تۆقاندنە ناسراو بوو کە لەگەڵ شەهیدانی ئەنفالکراو بەکاری دەهێنا. وا لەدوای 37 ساڵ چیتر ئەم تاوانبارە ئازاد نییە و دەستبەسەرە.

داوا لە هەموو زیندانیەکانی رابردوو، خێزانی قوربانیانی ئەنفال، کەسوکاری بێ سەروشوێنبوان ئەکەم سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و گەواهی بدەن تا دادپەروەری فەراهەم بێت و ئەم تاوانبارە خوێنمژە لەسەر تاوانەکانی دەرهەق بەگەلەکەمان، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.

بەوپەڕی توانامەوە بەرگری لەم دۆسێ مرۆیی و مێژوویی و نیشتمانییە دەکەم. هەرگیز کۆڵنادەم لە یادکردنەوەی شەهیدانمان. بەردەوام دەبم لە تێکۆشان لەپێناوی راستی و دادپەروەری.