یادی کۆمیسەر “وشیار حسێن” بەرز ڕاگیرا

رانیە – شەممە ٢ی ئابی ٢٠٢٥

لە مەڕاسیمێکی شایستەدا، چلەی ماتەمینی کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکان، جوانە مەرگ کۆمیسەر “وشیار حسێن ڕەسوڵ” کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بە کارەساتێکی دڵتەزێن، کۆچی دوایی کرد، بەرز ڕاگیڕا.

لە مەڕاسیمەکەدا کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ سەید جەزا سەید مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران، هەڤاڵانی مەڵبەند، فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایش و ئۆپەراسیۆن، هاوڕێیان و دۆستان و کەسوکاری جوانەمەرگ لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە قەزای ڕانیە بەڕێوەچوو، هەڤاڵ سەرپەرشتیاری مەڵبەند لە وتەیەکدا یاد و یادەوەرییەکانی کۆچکردوی بەرز نرخاند و لە دەستدانی بە خەسارەتێکی لەبیر نەکراو وەسفکرد. هەروەک چۆن دووپاتیشی کردەوە کە یەکێتی و مەڵبەند وەفادار دەمێننەوە بەرامبەر بە کەسوکار و مناڵەکانی کۆچکردو.