سەرۆک بافڵ: ئەنفالکردنی بارزانییەکان بەڵگەی سیاسەتی دڕندانەی بەعسە

ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان برینێکی سەر جەستەی نیشتمانە و بەڵگەی ئەو سیاسەتە دڕندانەیەی رژێمی بەعسی لەناوچووە کە لە تەواوی شاڵاوەکانی ئەنفالدا بۆ سڕینەوەی ناسنامە و قڕکردنی گەلەکەمان پەیڕەوی دەکرد.
لەم یادە پڕ لە ماتەمەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و قوربانییانی ئەنفال دادەنەوێنین و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاراستەی کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەکەین.
جەخت لەوە دەکەینەوە کە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری سەربەرزی قوربانییانی شاڵاوی ئەنفال تەنیا ئەرکێکی یاسایی نییە، بەڵکو هەوڵێکی کرداری و جدی حکومەتی عیراقە بۆ ساڕێژکردنی بەشێک لەم برینە گەورەیە.
باشترین وەفاداری بۆ خوێنی پاکی شەهیدان، یەکڕیزی و یەکگوتاریی نیشتمانیمانە بۆ بەهێزترکردنی هەرێمی کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان