سەرۆک بافڵ: هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بووەتە پێشەنگ و نموونەیەکی درەوشاوەی هێزە ئەمنییەکان، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ئاستی هەموو عیراقدا.


بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستانی کرد.

دیار عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان پێشوازی لە سەرۆک بافڵ و د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کرد و دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتەیەکدا باسی لە رۆڵی قارەمانانەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرد و وتی، بەهۆی توانای بەرزی سەربازی و گەشەسەندنی بەردەوامەوە، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بووەتە پێشەنگ و نموونەیەکی درەوشاوەی هێزە ئەمنییەکان، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ئاستی هەموو عیراقدا. هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنە هاوبەشە سەرکەوتووەکانتان لەگەڵ هاوپەیمانان و هێزە عیراقییەکان، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە کۆماندۆ هێزێکی کاریگەرە بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش.
سەرۆک بافڵ بە رێزەوە یادی ئازایەتی و جوامێریی شەهید ئاکامی وەک دامەزرێنەر و یەکەم فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، کۆماندۆ ئەمانەتی ئەو شەهیدە قارەمانەیە بۆ ئێمە و وەک هەمیشە پشتگیر و هاوکارتان دەبین.