بە ئامادەبوونی هەڤاڵ جەزا سەید مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین، مەڕاسیمێکی یادکردنەوە بۆ پێشمەرگە و فەرماندەی نیشتمانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، عەمید “عەلی ئاودەل” لە ڕانیە بەڕێوەچوو.
لە مەڕاسیمەکەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران، هەڤاڵانی مەڵبەند، ئیدارەی ڕاپەڕین، پەرلەمانتاران، فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە، هاوڕێ و هاوسەنگەران و خانەوادەی خوالێخۆشبوو و ئامادەی بوون، هەڤاڵ سەرپەرشتیاری مەڵبەند لە وتەکەیدا گوتی: “ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تا یاد و یادەوەرییەکانی ئەم پێشمەرگە و تێکۆشەرە نیشتمانیە زیندوو ڕابگرین، کە لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی ساڵی ١٩٧٦ەوە دەستیپێکرد و نیو سەدە بێوچان تێکۆشا و تەمەن خۆی بەخشییە خەباتی ڕزگاری نیشتمانی و بەرگری لە دەستکەوتەکان.”
هەڤاڵ سەید جەزا لە بەشێکی تری وتەکەیدا، ئاماژەی بە ژیان و تێکۆشانی فەرماندە عەلی ئاودەل کرد و گوتی: “ئاودەل هەر زوو لەوە تێگەیشت کە ئازادی میللەتەکەی بە قسە نایەتەدەست، کە ڕزگاری نیشتمان جگە لە تێکۆشانی سەخت بە هیچ شتێکی تر بەدەستنایەت.” هەروەها داوای لە ئامادەبووان کرد کە یادی فەرماندە عەلی ئاودەل بکرێتە ئیلهامێک بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان و چاکەخوازی.







