
جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەردانێکدا بۆ مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین جەخت لەسەر پەرەپێدانی توانستە جیاکانی کادران و بەهێز تر کردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و دەڤەرەکە بەتایبەتی دەکاتەوە.
مەڵبەند – چوارشەممە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥، هەڤاڵ ڕفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینی کرد و سەبارەت بە پەرەپێدانی تواناکانی کادران و کردە جەماوەرییە مەیدانییەکان، لەگەڵ لێپرسراوانی بازنە، بنکە و کۆمیتەکانی دەڤەری ڕاپەرین تایبەت بە ئامادەکاری یەکێتی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو، کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ ڕزگار حاجی حەمە – ئەندامی مەکتەبی سیاسی – لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن، ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی – هەڤاڵان د. میران محمد. لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، سەید جەزا سەید مەجید، سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە هۆڵی چالاکییەکانی مەڵبەند بەڕێوەچوو، هەڤاڵ جێگری سەرۆک، جەختی لەسەر بەها و گرنگیی ستراتیژی دەڤەری ڕاپەڕین کردەوە و ستایشی ڕۆحیەتی پێشمەرگانە و دڵسۆزیی خەڵکە تێکۆشەرەکەی دەڤەرەکەی کرد کە لە هەموو قۆناغە جیاکانی خەباتدا، بەردەوام پشتیوانییان لە یەکێتی کردووە. هەروەها داوای لە هەڤاڵانی کرد ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە کەمپینی هەڵبژاردنی داهاتوودا بگێڕن.
جێگری سەرۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی وەک حزبێکی خاوەن پرۆژە و ئامانجی ڕوون، هەوڵ دەدات متمانەی جەماوەر بەدەست بهێنێت و بیپارێزێت. لەم بارەیەوە وتی: “بە سیاسەتێکی واقیعبینانە و پشتبەستن بە هێزی ڕەوای دەنگدەران، هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەینە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە چەقبەستووەکان.” هەروەها ئاماژەی بە هیوا و چاوەڕوانییە گەورەکانی خەڵکی کوردستان کرد لە یەکێتی و جەختی کردەوە کە یەکێتی توانای ئەوەی هەیە “تەنگژە و قەیرانەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەتی چارەسەرکردن و پێشکەوتن.”







