پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاپەڕین ئاڵوگۆڕ کرا


سەرپەرشتیاری مەڵبەند: ” فەرماندەیەکی تێکۆشەر بە سەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە ئەرکەکەی دەکات و فەرماندەیەکی دیکەی تێکۆشەر جێگەی دەگرێتەوە.

لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئیداری و حکومییەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥، لە مەڕاسیمێکدا بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین کە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو. عەمید “جەبار خدر” وەک بەڕێوەبەری نوێ، جێگەی عەمید “مستەفا ڕەسوڵ حەمە عەزیز”ی گرتەوە کە ماوەی خزمەتی لەم پۆستەدا کۆتایی پێهات.
مەڕاسیمەکە کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ جەزا سەید مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین، بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران، هەڤاڵانی مەڵبەند، پەرلەمانتاران، فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە، قائیمقامی قەزای ڕانیە، لێپرسراوانی حکومی و دامەزراوە ئەمنییەکانی دەڤەری ڕاپەڕین بەڕێوەچوو، لە وتەیەکی تایبەتدا، هەڤاڵ سەرپەرشتیاری مەڵبەند ستایشی خزمەت و تێکۆشانەکانی عەمید “مستەفا ڕەسوڵ حەمە عەزیز”ی کرد و ڕۆڵی بەرێزیان و خانەوادەکەیانی لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕزگاریخوازی نیشتمانی و گەلەکەماندا بەرز نرخاند: “عەمید مستەفا وەک فەرماندەیەکی تێکۆشەر بە سەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە ئەرکەکەی دەکات و جێگەکەی بۆ فەرماندەیەکی دیکەی تێکۆشەر چۆڵ دەکات.” هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە عەمید “جەبار خدر” وەک بەڕێوەبەری نوێی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی بەرێزیان و خانەوادەکەیان لە قۆناغە جیاکانی خەباتدا کرد. سەرپەرشتیار جەخت کردەوە لەسەر ئەوەی کە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا خەڵک ئامانجە و دەستەبەرکردنی هەرچی زیاتری ماف و ئازادییەکان و پاراستنی سەروماڵ و موڵکی هاوڵاتییان لە ئەرکە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەری نوێیە.
—
ئەم گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی پڕۆسەی نوێکردنەوە و باشترکردنی کارگێڕی دامەزراوە ئەمنی و خەدەمییەکانی دەڤەرەکەدا دێت، کە ئامانجەکەی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری زیاترە بۆ هاوڵاتییانی دەڤەری ڕاپەڕین و کوردستان بە گشتی.