وتاری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەی هاوپەیمانیی سۆشیال دیموكرات لە جیهانی عەرەبی

كۆنگرەی هاوپەیمانیی سۆشیال دیموكرات لە جیهانی عەرەبی، بۆ رۆژی دووەم بەردەوامە و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: مێژووی كوردستان نەهامەتی زۆری تێدایە و دەزانین ئاشتی چی دەهێنێتە كایەوە و جەنگیش چی بەرهەم دەهێنێت، لەوەش تێدەگەین یەكگرتوویی چەند هێزمان پێدەبەخشێت، لە ئێستاشدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە، بەڵام گەنجان هیوایان بە ئاشتییە و دەبێت پێكەوە كار بۆ هێنانەكایەی بكەین، لەبارەی سلێمانیشەوە رایگەیاند: سلێمانی شاری دیموكراسییە و شانازی پێوە دەكەین.

ئەمڕۆ 28ی 8ی 2025، كۆنگرەی هاوپەیمانیی سۆشیال دیموكرات لە جیهانی عەرەبی  بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: خۆشحاڵم پێشوازیتان لێدەكەم بۆ سلێمانی، كە شارێكە پڕە لە دیموكراسییەت و بیركردنەوەی ئازاد و تێڕوانینێكی ناوازە بۆ ژیان، سلێمانی هەمیشە بیروبۆچوونی ئازادانەی تێدا گۆڕدراوەتەوە و ئازادی تێدا پیادەكراوە و شانازی پێوە دەكەین و بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خەڵكی شارەكەوە بەخێرهاتنتان دەكەم.

ئەوكاتە ئازادین كۆمەڵگە ئازادبێت

راشیگەیاند: ئێمە ئەوكاتە ئازادین كە كۆمەڵگەكەمان ئازادە، ئەم وانانەش لە سەرۆك مام جەلالەوە فێربووین، ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روبەڕوی ئاڵنگاری بووەتەوە، ئەمەش بووەتەهۆی ناسەقامگیری و راگواستنی خەڵك و ململانێ، هاوپەیمانی پێشكەوتنخوازان هاوكار دەبێت لە روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ئەم كۆنگرەیەش بۆ جیهانی دەسەلمێنێت كە دەتوانین ئازادانە قسە بكەین.

سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد: توندڕەوی و نادادپەروەری ئابوری و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات مەترسین بۆ سەر دیموكراسییەت لە غەززەوە بۆ سوریا و یەمەن و هەموو ناوچەكە، بێگومان لە ساڵی 2025 دا باسكردنی ئەم بابەتە شەرمەزاركەرە، وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت ئێمە بە دیموكراسی ئاشنا بكەن، بەڵام رێگادەدەن ئەو كردەوە توندوتیژیانە بە بەرچاوی خۆیانەوە بەردەوامبن و بوێری ئەوە دەكەن.

گەنجان دەیانەوێت داهاتوو لەسەر ئاشتی و دوور لە جەنگ و بونیاد بنێن

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو: دەرفەتی باشتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هەیە و گەنجان دەیانەوێت داهاتوویەك لەسەر هیوا و ئاشتی و دوور لە جەنگ و بونیاد بنێن، هاوكات ژنان پێشەنگن و كار بۆ هێنانەكایەی ئاشتی دەكەن هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ داخوازی گۆڕانكاری.

لە مەترسیییەكانی كەرتبوون تێدەگەین

راشیگەیاند: مێژووی كوردستان نەهامەتی زۆری تێدایە و دەزانین ئاشتی چی دەهێنێتە كایەوە و جەنگیش چی بەرهەم دەهێنێت، لە مەترسیییەكانی كەرتبوون تێدەگەین و لەوەش تێدەگەین یەكگرتوویی چەند هێزمان پێدەبەخشێت، بۆیە ئەو ئامانجانەی دەمانەوێت ئاسان نیین، بۆ جیهانێكی دیموكراسی پێویستمان بە كاركردنی پێكەوەیی و یەكگرتووییە بۆ هێنانەدی ئاشتی و روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان، بۆیە هیوادارین كۆنفرانس وەڵامێك بێت بۆ داخوازی خەڵكەكەمان بەكردار و پەرەدان بە دیموكراسییەت.

دوێنێ 27ی8ی2025 لە سلێمانی، كۆنگرەی هاوپەیمانیی سۆشیال دیموكرات لە جیهانی عەرەبی دەستپێكرد و رۆژی یەكەمی كۆنگرەكەش پەیوەستبوو بە ژنانەوە و كۆنگرەكە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.

ناوەڕۆكی كۆنگرەی  هاوپەیمانیی سۆشیال دیموكرات لە جیهانی عەرەبی، بریتییە لە(پرسەكانی ئاشتی، ئاسایش، پرسە هەنووكەییەكانی جیهانیی عەرەبی)، تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی و سەركردە جیهانییەكان، لە جیهانیی عەرەبی و عیراق و كوردستانەوە بەشداریی دەكەن، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە ئەمڕۆ د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراقیش وتار پێشكەش بكات.

وتار بە ڤیدیۆ:

گەلەری وێنە