سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی، دەرفەتێکی ستراتیژیی بێوێنە دەخاتە بەردەم یەکێتی و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بە گشتی.

سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی، دەرفەتێکی ستراتیژیی بێوێنە دەخاتە بەردەم یەکێتی و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بە گشتی.

لە بارودۆخێکی هەستیار و چارەنووسسازی سیاسیی ناوچەکەماندا، بە شانازییەکی گەورەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، توانی متمانەی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی بەدەست بهێنێت و ئەمانەتی سەرۆکایەتیی ئەم هاوپەیمانییە گرنگە وەرگرێت. ئەم دەستکەوتە دیپلۆماسییە لە چوارچێوەی ستراتیژی درێژخایەنی یەکێتیدا دێت بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد.

پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، بە شێوەیەکی ڕەسمی و پرۆگراماتیک، ئایدیۆلۆژیای سۆسیال دیموکراسیی وەک بنەمای فکری و سیاسیی خۆی هەڵبژاردووە. ئەم هەڵبژاردنە ئایدیۆلۆژییە لە ڕێگەی سێ کۆنگرەی سەرکەوتووی یەکێتییەوە، بە سەرپەرشتی و ڕێنمایی ڕاستەوخۆی سەرۆک مام جەلال، پتەوتر کراوە و وردەکارییەکانی ڕوونتر کراونەتەوە. دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە جێبەجێکردنی تەواوی ئەم بەرنامە سیاسییە ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە، بەڵام ئەمە ناتوانێت لە گرنگی و پێویستیی بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێچکەیە کەم بکاتەوە.

سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی، دەرفەتێکی ستراتیژیی بێوێنە دەخاتە بەردەم یەکێتی و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بە گشتی. ئەم پێگەیە دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی کوردی و حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی جیهان، بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکای لاتین، کە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندن لە بواری بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بونیادنانی سیستەمی دیموکراسیی پارلەمانی.

لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە، ئەم پێشکەوتنە لە کاتێکدا دێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی دژواری گواستنەوەدا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستان خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان ئامادە دەکات. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک حزبێکی خاوەن مێژوو و ئەزموون لە کاری دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە دیاریکردنی ئاراستەی ئەم گۆڕانکارییانەدا بگێڕێت.

دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم دەستکەوتە تەنها سەرکەوتنێکی پرۆتۆکۆلی نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە کاری سیاسی و دیپلۆماسیی یەکێتی، قۆناغێک کە تێیدا یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سروشتی خۆی وەک هێزێکی پێشەنگ لە دیاریکردنی ئاراستەی سیاسەتی کوردستان و عیراق و کاریگەری لەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکە. پیرۆزە سەرۆک، پیرۆزە لە یەکیتیی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تەواوی دیموکراسیخوازان.

ڕاگەیاندنی مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین