
نزیکەی سێ دەیە بەسەر رووداوی خیانەتکارانەی 31ی ئابدا تێپەڕ دەبێت و هێشتا زامەکانی ئەم کارەساتە نەتەوەیی و نیشمانییە بەتەواوی سارێژ نەبووە.
هێشتا گەلەکەمان ئەو رۆژە تاریک و تاڵەی بیر نەچۆتەوە کە دەبابەکانی رژێمی بەعس بە هاوکاری و لەسەر بانگێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی داگیر کرد و لولەی تۆپەکانی گرتە بینای پەرلەمان کە رەمزی سەرەتای ئەزموونی دیموکراتیمان بوو .
بەداخەوە هێشتا ئەو روانگە سیاسییە چەوتەی لە پێناوی یەکلاکردنەوەی ململانێی ناوخۆیی هانای بۆ رژێمی داگیرکەر برد، نەیتوانیوە قۆناغی دژواری ناکۆکی ناڕەوا تێپەرێنێ.
بۆیە برینی ئاب هەمیشە لەبەردەم کولانەوە و سارێژ نەبوندایە کە بە داخەوە گەلەکەمان زەرەرمەندی سەرەکی ئەم سیاسەتە بووە و دەبێت . لەکاتێکدا ئومێد وابوو لێبوردەیی گەلەکەمان و سپاردنی دەرەنجامەکانی 31ی ئاب بە دادگای مێژوو دەرفەتێک بێت بۆ پێداچوونەوە و دەستپێکی قۆناغی ئاشتی و فەرامۆشکردنی رابردوو.
29 ساڵە ئەم پەژارە نەتەوەییە بەدوای کردنەوەی لاپەرەیەکی تازەیە کە ئیتر برینی جاران ساڕێژ بێت و گیانی شەهیدەکانی داکۆکی لە رزگاری کوردستان ئاسوودە بێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک پێکراوی یەکەمی ئەو پەلامارە سەربازییە کە دەیان هەزار فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمانی گیانیان سپارد، وێرای دوپاتکردنەوەی یادەوەری تیژی لەسەر ئەو رووداوە تاڵە و قوربانی گەورەی لە پێناوی پارێزگاری کوردستاندا ، ئێستاش پێی وایە وانەی گەورەی 31ی ئاب وازهێنانە لە پەنابردن بۆ بێگانە لە یەکالاکردنەوەی ناکۆکی ناوخۆیی و دیتنەوەی رێگەی سیاسی و گفتوگۆی ژیرانە بۆ هەر جیاوازییەکی سیاسیی لە ئێستا و داهاتووشدا.
هەر ئەوە ئەزموونەکەمان دەپارێزێ و دەیخاتەوە سەر راستەڕێی گەشەکردن و چاکسازی و پەرەپێدان و بۆ ئەم ئامانجەش هەمیشە پێداگرە لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و هەمیشەش قوربانی داوە.
بۆ ئەم یادە تاڵەش وێرای ئەوەی هەمان ویستی نیشتمانیی دووپات دەکەینەوە، سڵاو بۆ گیانی بەرزە فڕی شەهیدانی 31-ی ئابى 1996 و تێکڕای شەهیدانی گەلەکەمان.
