لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین دەستخۆشی لە کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکات

ڕاپەڕین – چوارشەممە ٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥

لە میانەی هەوڵە بەردەوامەکانی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی یەکێتی لە لە ڕاپەڕین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق و دروستکردنی تۆڕی بەهێزی هەماهەنگی، هەڤاڵ دکتۆر میران محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی فراوانی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵە و ڕێکخراوە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاپەڕین ئەنجامدا. ئەم دیدارانە کە بە ئامادەبوونی بەشێک لە هەڤاڵانی لیژنەی سەرپەرشتی بازنەکە و بەڕێز محمد تەها ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوون، پانۆرامایەکی گشتگیری لە توانا و پۆتانسیەلی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوچەکە دەنرخێنیت.

لە کۆبوونەوەکاندا کە کەشێکی گەرم و هەڤاڵانەی هەبوو، دکتۆر میران بە وردەکارییەوە گوێی لە دیدگە و پێشنیارەکانی نوێنەرانی ڕێکخراوەکان گرت. یەکەم دیدار لەگەڵ ناوەندی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی ڕاپەڕین بوو، کە وەک چەتری هاوبەشی ژمارەیەکی بەرچاوی ڕێکخراوی مەدەنی و دیموکراتی ناوچەکە کاردەکات. لەم کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆی قووڵ لەسەر چۆنیەتی بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراتی و بەشداریپێکردنی زیاتری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کرا.
پاشان لە پێشوازی کۆمەڵەی کەمئەندامبووانی سەنگەر دا، کە نوێنەرایەتی ئەو قارەمانانە دەکەن کە گیانی خۆیان بەخت کردووە بۆ پاراستنی خاک و گەل. دکتۆر میران ستایشی قوربانیدان و فیداکارییەکانی ئەم توێژەی کرد و جەختی لەسەر پێویستی دابینکردنی خزمەتگوزاری شایستە و پشتیوانی بەردەوام بۆیان کردەوە. هەروەها لە دیدارێکی هاوشێوەدا لەگەڵ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان، باس لە ئەزموونی دەوڵەمەندی ئەم قارەمانانە کرا کە دەیان ساڵ لە خزمەتی گەل و نیشتماندا بوون، هەروەها چۆنیەتی سوود وەرگرتن لەم ئەزموونە بەنرخە بۆ ڕێنمایی قۆناغی نوێی خەبات گفتووگۆ کرا.
لە کۆبوونەوەیشیدا لەگەڵ کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی، دەرفەتێک بوو بۆ وەبیرهێنانەوەی ئازار و چەرمەسەرییەکانی ئەوانەی کە ئازادی و مافەکانی خۆیان لە پێناو بەرزڕاگرتنی ئااڵی حەق و دادپەروەریدا لەدەستدا. لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردن تیشکی خستە سەر گرنگی قۆناغەکە و داوای لێکردن کە تەواوی تواناکانیان لە پێناو سەرخستبتنی پرۆسەی هەڵبژاردندا تەرخان بکەن.
هەروەها لە دیداری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕاپەڕین، کە مەسئولیەتی گرنگی پاراستنی یادگاری شەهیدان و دابینکردنی پشتیوانی بۆ کەسوکاریان لە ئەستۆدایە، دکتۆر میران پێداگیری لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە ڕێزگرتن لە قوربانییەکانی شەهیدان و دڵنیاییکردنەوە لەوەی کە خێزانەکانیان هەست بە پشتیوانی و سەرنجی کۆمەڵگە بکەن.
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیشدا لەگەڵ کۆمەڵەی خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠، کە نوێنەرایەتی نەوەیەکی خەباتگێڕ دەکەن، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەزموون و تواناکانیان لە بەرژەوەندی گشتیدا کرا. ئەم کۆمەڵەیە کە خاوەنی کەلەپوورێکی دەوڵەمەندن لە ئەزموونن، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە قۆناغەکەدا بگێڕن.
جێی ئاماژەیە کە لە کۆتایی زنجیرە دیدارەکاندا، دکتۆر میران پێشوازی لە ژمارەیەک پزیشکی بەئەزموونی ناوچەکە کرد، کە لەسەر ڕۆڵی کەرتی تەندروستی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی دیموکراتی و گەشەپێدانی کۆمەڵگە گفتوگۆیان کرد.
لە هەموو ئەم دیدار و کۆبوونەوانەدا، دکتۆر میران محەمەد جەختی لەسەر دوو خاڵی سەرەکی کردەوە: یەکەمیان گرنگی ئاییندەسازی و دروستکردنی وێنایەکی ڕوون بۆ داهاتوو، کە تێیدا هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵگە ڕۆڵی خۆیان هەبێت. دووەمیشیان پێویستی قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوە کارکردن و هاوکاری، بەتایبەت لە نێوان ڕێکخراوە جیاوازەکاندا، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و بەهێز.