
بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی خاتەمی پێغەمبەران، سەروەری مرۆڤایەتی، حەزرەتی محمد موستەفا (صلى الله عليه وسلم)، کە ڕووناکیی ڕێنما و ڕەحمەت بوو بۆ هەموو جیهان، گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانانی خۆشەویست دەکەین. ئەم ڕۆژە پیرۆزە، کە تێیدا خۆشەویستترین بوونەوەر لەلای خوای گەورە هاتە دونیاوە، دەرفەتێکە بۆ نوێبوونەوەی پەیمان و بەڵێنەکانمان لەگەڵ ڕێگەی پڕ لە ڕەحمەت و میهرەبانی و دادپەروەریی.
حەزرەتی محمد (صلى الله عليه وسلم) کە فەرموویەتی: (خَيْرُ النَّاسِ أَنْفَعُهُمْ لِلنَّاسِ) نموونەی هەرە بەرزی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بوو. ئەو پێغەمبەرە مەزنە فێری کردین کە چۆن ببینە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و یەکگرتوو، لەسەر بنەمای دادپەروەری و ڕاستگۆیی و ئەمانەتداری. وانەکانی ئەو هەمیشە جەخت لەسەر یارمەتیدانی هەژار و نەدار و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ دەکەنەوە، کە ئەمانەش بەهای سەرەکیی ئیسلامی ڕاستەقینەن.
داواکارین لە خوای گەورە کە ئەم یادە پیرۆزە ببێتە سەرچاوەی خێروبەرەکەت و ئارامی بۆ دڵەکان، هۆکاری بەهێزبوونی پەیوەندییەکان لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمان، و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە یەکڕیزی و هاوپەیمانێتیی نەتەوەیی. هیوادارین ئەم ڕۆژە پیرۆزە ببێتە ڕێگەیەکی ڕووناک بۆ تێپەڕاندنی هەموو کێشە و گرفتەکان بە ڕۆحی لێبوردەیی و گفتوگۆی بەرهەمدار و پاڵپشتێکی مەعنەوی بێت بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانمان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە.
لەم ڕۆژەدا، با بیر لە پەیامی جیهانیی ئیسلام بکەینەوە کە بانگەوازی ئاشتی و تەبایی و برایەتی دەکات لەنێوان هەموو مرۆڤەکاندا. با ئەم مەولودە ببێتە هەوێنی قوڵکردنەوەی ئەم بەها بەرزانە لە دڵ و دەروونماندا، بو کاربکەین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە خۆشەویستی و ڕێزگرتنی یەکتر. دووبارە هیوادارین ساڵانی داهاتوو پڕبن لە ئاشتی، سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ گەلەکەمان و هەموو گەلانی جیهان، و با ڕۆحی پێغەمبەری ڕەحمەت (صلى الله عليه وسلم) هەمیشە ڕێنمایمان بکات بەرەو ڕێگەی ڕاست و سەرکەوتن.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین
