
ڕانیە – یەکشەممە، ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٥
هەڤاڵ دکتۆر میران محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، سەردانی نەخۆشخانەی شەهید ئەحمەد ئیسماعیل’ی کرد لە ناحیەی چوارقوڕنە، کە سەر بە دەزگای تەندروستی پێشمەرگەیە.
لە سەردانەکەدا کە بەڕێزان دکتۆر ڕێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری پێشووتری تەندروستی هەرێم و محەمەد تەها، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یاوەرییان دەکرد. ئامانجەکەی بەدواداچوونی بەردەوامی یەکێتی و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی بوو بۆ دۆخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ناوچەکەدا دێت.
هەڤاڵ لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، وێڕای بەسەرکردنەوەی بە بەش و هۆبە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکە و لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە دۆخی کارکردن و خزمەتگوزارییەکان لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ تیمی پزیشکی و کارمەندانی نەخۆشخانەکە، ستایشی ڕۆڵی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کرد و وتی: “ڕۆڵی ئێوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەردەوام، بە تایبەت لە کاتی شەونخوونیدا، شایانی ڕێز و پێزانینە. داواتان لێدەکەین بەردەوام بن لەم خزمەتە پیرۆزەی کە بێبەرامبەر پێشکەشی نەخۆشە پێشمەرگەکان و هاوڵاتیانی دەڤەرەکەی دەکەن.”
—
نەخۆشخانەی شەهید ئەحمەد ئیسماعیل، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگە بێبەرامبەرەکانی سەرۆک “مام جەلال”ـە کە وەک دیارییەک بۆ پێشمەرگە و خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین دامەزرێنراوە و درێژایی ساڵان بووەتە پشتیوانێکی سەرەکی بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ناوچەکەدا. تایبەتمەندی سەرەکی ئەم نەخۆشخانەیە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی بێبەرامبەر و بەبێ جیاوازی، بە درێژایی شەو و ڕۆژ خزمەت بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پێشکەش دەکات، چ پێشمەرگە بن یان هاوڵاتی ئاسایی.






