دیموکراسی لە دەست خەڵکدایە و لە یەکێتییدا خەڵک ئامانجە

نوێنەرایەتییەکی بەهێز لە بەغدا کلیلی چارەسەرکردنی زۆربەی هەرە زۆری کێشەکانی هەرێمە.

نووسینگە، ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥ – لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا کە ڕۆژی شەممە بەڕێوەچوو، دکتۆر میران محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی و سەرپەرشتیاری بازنەی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، لەگەڵ لێپرسراوانی بازنەکانی هەڵبژاردن و بەرپرسانی کۆمیتەکانی سنوورەکە کۆبۆوە بۆ گفتوگۆکردنی دوا ئامادەکارییەکانی بازنەکە سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتی بەڕێوەچوو، لە وتەیەکی گرنگدا، دکتۆر میران محەمەد جەختی لەسەر گرنگیی هەرچی زیاتری چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هاندانی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکە لە پرۆسەی دیموکراسیدا کردەوە و ڕایگەیاند: “دیموکراسی وەک هەمیشە لە دەست خەڵکە و لە یەکێتییشدا خەڵک ئامانجە،”. ڕوونیکردەوە ئەم حەقیقەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فەلسەفەی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانییەوە هەیە. وتیشی ” پرۆسەی هەڵبژاردن تەنها مەسەلەیەکی ڕێکخستنی حزبی نییە، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گوزەرانی ڕۆژانەی ژیانی خەڵک و هاوڵاتیان و داهاتووی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەیە و ئێمە دەبێت دڵنیا بین کە دەنگی هەر هاوڵاتییەک دەگاتە شوێنی خۆی و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە دەکرێت” هەر لەم پێناوەشدا پێویستی زیاتری هەماهەنگیی نێوان یەکەپێکهێنەرەکانی بازنەکانی هەڵبژاردنی وەک ئەرکێکی هەونووکەیی و ستراتیژی کاری هەڤاڵانە هەڵوەستە لەسەر کرد.
کۆبوونەوە، لە بەشێکی تری کارەکانیدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەی نوێی حزبی بۆ باشتر ئاڕاستەکردنی ڕەوشی کار و تیمەکانی هاندان و دانانی میکانیزمی نوێ بۆ هەماهەنگی لەنێوان بنکە و وێستگەکانی کار، هەروەک چۆن جەختیشی لەوەی نوێنەرایەتییەکی بەهێز لە بەغدا کلیلی چارەسەرکردنی زۆربەی هەرە زۆری کێشەکانی هەرێمە.