میراتی خەبات و تێکۆشان و چاکەخوازی ئاکۆ عباس ئاغا، بەردەوام دەبێت

کۆچی دوایی کەسایەتی دیار و تێکۆشەری نیشتمانپەروەر، “ئاکۆ عباس ئاغای سەرکەپکان” مایەی خەم و پەژارەیەکی قووڵ بۆ ئێمە و دەڤەرەکە و خەڵکی چاکەخوازی کوردستان، کە دوای تێپەڕاندنی تەمەنێکی پڕ لە خەبات و قوربانیدان بۆ گەل و نیشتمان، نیوەڕۆی ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥ لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ئاکۆ عباس ئاغا دۆستی دێرینی سەرۆک “مام جەلال”، یەکێک بوو لە ڕۆڵە دڵسۆز و وەفادارەکانی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین و بیری چاکەخوازی و ئاشتەوایی کومەڵایەتی لە کوردستاندا، کە لە قۆناغە هەرە سەختەکانی خەباتیشدا، بە جەسارەت و فیداکارییەوە بەردەوام بوو لە بەشدار و پشتیوانی کردنی شۆڕش و پێشمەرگایەتی، مێژووەکەی درەوشاوە دەمێنێتەوە و دەنووسرێتەوە.

وەک سەرۆکی عەشیرەتی ئاکۆ و ڕیش سپییەکی دادپەروەر، ئاکۆ ئاغا نموونەیەکی بەرزی ڕابەرایەتی کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان بە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بوو. دیوەخانەکەی پەناگەیەکی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و شوێنێک بوو بۆ یەکلاکردنەوەی سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لە دوا ساڵەکانی تەمەنیشیدا، سەرەڕای نەخۆشی و ناساغی، وەک هەمیشە لە خزمەت خەڵکدا بوو و دڵی بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی هێزە نیشتمانپەروەرەکان لێدەدا.

لەم ساتە پڕ لە پەژارەدا، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و خزمان لە عەشیرەتی ئاکۆیی و سەرجەم خەڵکی دەڤەرەکەمان دەکەین و خۆمان بە هاوخەم و هاوپرسە دەزانین. ئێمە دڵنیاین کە میراتی خەبات و تێکۆشان و چاکەخوازی ئاکۆ عباس ئاغا، بەردەوام دەبێت لە دڵ و دەروونی نەوەکانی داهاتوودا و ناوی بە سەربەرزییەوە دەمێنێتەوە.

خوای گەورە ڕەحمەتی خۆی بەسەردا ببارێنێ و جێگەی بەهەشتی بەرین بێت. سەبر و ئارامی بۆ هەمووان.

إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ

مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین
١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥