سەرنجێك سەبارەت بە دیدارێكی كەناڵی رووداو لەگەڵ بەرێز د. سلێمان گەیلانی


ئێمە هەمیشە بەڕێزەوە لە كەسایەتی و بنەماڵە تێكۆشەرەكان دەڕوانین وە بە سەرچاوەی حیكمەت و دانایی دەیانبینین لە گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەكان، بەڵام كاتێ بەڕێزێك بەهۆی هەڵكشانی تەمەنیەوە بێت یان ناوردی لە گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەكانی تایبەت بە سەرۆك مام جەلال و لادانیان لە رێرەوی راستەقینەی گێڕانەوەی ئەو رووداوانە، بەئەركی ئەخلاقی سەرشانی خۆمانی دەزانین بۆ راستكردنەوەی هەڵە و چەوتیەكان، خاڵ بخەینە سەر راستیەكان و لە خەوشی و هەڵەكان جیا بكەینەوە.

لە چەند رۆژی رابردوو لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی رووداو بەرێز دكتۆر سلێمان گەیلانی، لەكاتی گێرانەوەی رووداوە مێژوییەكاندا بەشێكی قسەكانی تەرخان كرد بۆ باسكردنی رابەری گەلی كوردستان (سەرۆك مام جەلال) بەڵام ئەوەی جێگای داخە، نەماندەزانی كە بەرێز گەیلانی بە چ هۆكارێك كۆمەڵێك هەڵەی زەق و ناهەقی بەرامبەر بە سەرۆك مام جەلال ئەنجامدا بۆیە بە پێویستی دەزانین، لەم سەرنجەدا راستكردنەوەی بەشێك لەو هەڵانەی كە بە ناوی سەرۆك مام جەلالەوە كردوویەتی بخەینە روو:
1ـ بەرێز گەیلانی دەڵێت: لە ساڵی (2004) مام جەلال كە سەرۆك كۆماری عیراق بوو سەردانی وڵاتی ئۆسترالیای كرد، ئەم مێژوویەی كە جەنابیان باسی دەكەن هەڵەیە چونكە لە ساڵی (2005) بە سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا نەك ساڵی (2004)، هەروەها ساڵی (2003) سەرۆكی ئەنجومەنی حوكم بووە لە عیراق.

2ـ بەرێز گەیلانی دەڵێت: لە یەكێك لە فرۆكەخانەكانی ئەو وڵاتە بە ئاڵای كوردستان پێشوازی لێكرا و ئاڵای عیراقیان دانەنابوو، ئەمەش هەر نەدەبوو جەنابی دكتۆر گەیلانی باسی بكات، چونكە كاتێ سەرۆك كۆماری وڵاتێك سەردانی وڵاتێكی دیكە دەكات لەرووی پرۆتۆكۆڵیەوە لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لێدەكرێت و ئاڵای هەردوو وڵات دادەنێت و رێگا نادرێت ئاڵای هەرێمێك یان نەتەوەیەك بە تەنیا دابنرێت.

3ـ جەنابی دكتۆر سلێمان گەیلانی دەڵێت: لە شوێنی حەوانەوەی خۆی مام جەلال پێی وتووە ئەگەر بگەڕێتەوە، پۆستی پەرلەمانتار یان وەزیری دەرەوە پێی دەدەن!! ئەمەش رێی تێناچێت چونكە لە هەرێمی كوردستان و لە عیراق پۆستی پەرلەمانتار بە هیچ كەسێك نادرێت بەڵكو لەرێی سندوقەكانی دەنگدانەوە پەرلەمانتار هەڵدەبژێردرێن، هەروەها پۆستی وەزیری دەرەوە دەدرێت بە كەسێك كە مەرج و تایبەتمەندییەكانی تێدا بێت وەكو هاووڵاتی عیراقی بێت، زمانی عەرەبی بەباشی بزانێت لەرووی پسپۆرییەوە بۆ ئەو ئەركە گونجاو بێت، لەسەر ئاستی عیراقی و ئیقلیمی و تارادەیەك نێودەوڵەتی ناسراو بێت. جگە لەوە كێ دەڵێت ئەو پۆستە پشكی كورد دەبێت و لە كوردیش پشكی یەكێتی دەبێت، سەرەڕای هەموو ئەمانە لە دوای ئەوەی سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا كابینەی نوێی حكومەتی فیدرال سوێندی یاسایی خوارد و وەزیری دەرەوەی عیراق دەست بەكار بوو، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ئەوە قسەی سەرۆك مام جەلال نییە.

4ـ بەرێز گەیلانی دەڵێت مام جەلال وتی سەرۆكی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆی بینیوە، ئەمەش قسەی سەرۆك مام جەلال نییە چونكە هەر كەسێ كەمێك سیاسەتی كردبێت دەزانێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان سكرتێری هەیە نەك سەرۆك.

بۆیە كاتێ هەموو ئەم هەڵە و خەوشیانە لە قسەكانی جەنابی دكتۆر سلێمان گەیلانی دەبینین پێویست بەوە ناكات كە وەڵامی جەنابیان بدەینەوە لەسەر ئەوەی گوایە مام جەلال بە بینینی نامەیەك زۆر نیگەران بووە. مام جەلال لەو سەردەمەی كە بەهۆی نسكۆی شۆڕشی ئەیلولەوە بی ئومێد نەبوو، بەڵكو چەخماخەی شۆرشی نوێی داگیرساند چ جا بە بینینی نامەیەك دەڕوخێت!!

5ـ دوا سەرنجمان لەسەر بەرنامەكەی كەناڵی رووداوە، ئەوەی تێبینیمان كردووە پێشكەشكاری بەرنامەكە هەوڵ دەدات ئاراستەی رووداوەكان بە جۆرێك بگۆڕێت كە لەگەڵ راستیە مێژووییەكان یەكنەگرێتەوە و خزمەت بە ئەجێندای لایەنێك بكات و زیان بە لایەنێكی دیكە بگەیەنێت.

بۆیە گرنگە هەموو لایەنێك بە بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ كەسایەتی و رووداوە مێژووییەكان بكەن بەتایبەتی بەرامبەر بە سەرۆك و سەركردەیەك كە زیاتر لە نیو سەدە خەباتی كردبێت لەپێناو دۆزی رەوای گەلی كوردستان و هەموو مرۆڤایەتی.

بەشی هەڵسەنگاندن و چاودێری راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان