
چوارقوڕنە – دووشەممە، ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ ساڵحی شەهیدان لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردنی حەوتی بیتوێن و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەڵبەند و قائمقامی قەزای ڕانیە، لە مەراسیمێکی تایبەتدا یادی نووسەر و ڕۆشنبیر بەنگین پیرۆت، فەرمانبەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەرز ڕاگرت. مەراسیمەکە لە کتێبخانەی گشتی چوارقوڕنە بە ئامادەبوونی کەسوکاری کۆچکردوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ناوچەکە بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، دانا خدر مینە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکان بڕیاری ناونانی هۆڵی چالاکییەکانی کتێبخانەی گشتی چوارقوڕنەی بە ناوی هۆڵی “بەنگین پیرۆت” وەک ڕێزگرتنێک لە میراتی ئەدەبی و ڕۆشنبیری نووسەری کۆچکردوو ڕاگەیاند.
لە بەشێکی تری مەڕاسیمەکەدا هەڤاڵ ساڵحی شەهیدان، بە ناوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و بازنەی هەڵبژاردنەوە لە وتەکەیدا جەختی لەسەر گرنگی پەرەپێدانی بزوتنەوەی ڕۆشنبیری و هونەری لە چوارقوڕنە و دەڤەرەکە کردەوە، هەروەها پشتیوانی یەکێتی و مەڵبەندی بۆ نووسەران و ڕۆشنبیرانی دووپاتکردەوە.
بەشداربووان لە مەراسیمەکەدا یادگاری و بیرەوەرییەکانی خۆیان لەگەڵ بەنگین پیرۆت باسکرد و وەک قەڵەمێکی ڕووناک و ڕاستگۆ وەسفیان کرد. خانەوادەی کۆچکردوو سوپاسی ڕێکخەرانی مەراسیمەکە و بەشداربووانیان کرد و ناونانی هۆڵەکەش بە ناوی بەنگین پیرۆت بە هەنگاوێکی ڕێزدارانەیان ناوزەد کرد.






