سەرپەرشتیاری بازنەی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین: تەنها کاتێک گیانی شەهیدانمان ئاسودە کردوە، کە بە ئەمانەتەوە درێژە پێدەری ڕێبازە پیرۆزەکەیان بین

دووشەممە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٥

هەڤاڵ دکتۆر میران محمد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاری بازنەی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ شێخ جەبار لێپرسراوی بەشی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڤاڵ ڕەسوڵ سۆفی لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی بازنەی هەڵبژاردنی راپەڕین، لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی شەهیدان – شەهیدانی ڕۆشنایی کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، هاوکات لەگەڵ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی قارەمانێتیی و گیان فیدایی شەهیدانی نیشتمان، ئەو تێکۆشەرە گیانبازانەی بۆ ڕووناکی ئێستا و ئایندەی میللەتەکەمان گیانیان فیدا کرد، هەڵوەستەی لەسەر پرسی هەرچی زیاتر خزمەتکردنی کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان کرد و ڕایگەیاند: ” تەنها کاتێک گیانی شەهیدانمان ئاسودە کردوە، کە بە ئەمانەتەوە درێژە پێدەری ڕێبازە پیرۆزەکەیان بین”. لەم پێناوەشدا داوای لە هەڤاڵانکرد بە گیان و ڕۆحییەتی خۆنەویستانەی شەهیدان تەواوی تواناکانیان لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکان لە بازنەکانەکانی هەڵبژاردندا بخەنە خانەی خزمەتکردنی هەنگاوەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەڕلەمانی عیراق.