پڕۆژەی کارسازی گەنجان لە ڕانیە دەستی پێدەکات


ڕانیە – بەشی گەنجانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی بەڕێز دکتۆر ڕێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری پێشووتری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا پڕۆژەیەکی نوێی کارسازی بۆ گەنجانی ڕانیە و دەڤەرەکە ڕاگەیاند.

هەڤاڵ هۆشمەند عەلی، لێپرسراوی بەشی گەنجانی مەڵبەند، لە وتەیەکدا جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی گەنجان و پەرەپێدانی کاری پیشەگەرانە کردەوە. هەروەها سوپاسی دکتۆر ڕێکەوت حەمەڕەشیدی کرد بۆ سپۆنسەرکردنی پڕۆژەکە و پشتیوانی کردنی لە کاری پیشەگەرانەی گەنجانی ناوچەکە.
بەڕێز دکتۆر ڕێکەوت حەمەڕەشید لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان بۆ کاری پیشەگەرانە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و ڕاگەیاندنی پڕۆژەی کارسازی گەنجانیشی وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ داهاتووی گەنجانی ناوچەکە وەسف کرد و بەڵێنی بەردەوامی پشتیوانی خۆی بۆ گەنجان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دا.
پڕۆژەکە کە بە درووشمی “پیشەیەک فێربە، داهاتووت دروست بکە” دەستی پێکرد پێنج بواری جیاوازی فێرکاری پیشەیی لەخۆدەگرێت. یەکەم بوار دارتاشی و هونەری پیشەی دەستییە کە گەنجان فێری کارە هونەرییە دەستییەکان دەبن. دووەم بوار گرافیک دیزاین و دیزاینی چاپەمەنییە کە دەرفەتی فێربوونی هونەری دیزاینی دیجیتاڵی دەڕەخسێنێت. سێیەم بوار ئارایشتی خانمان و جوانکاری پیشەییە. چوارەم بوار چاککردنەوەی مۆبایل و تەکنیکی مۆبایلە کە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا پێویستییەکی زۆری لە بازاڕی کاردا هەیە. پێنجەم بواریش دروومان و دیزاین و دروستکردنی جلوبەرگە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە ئەوەیە کە تەواوی خولەکان بەبێ جیاوازی و بێبەرامبەر پێشکەش دەکرێن، خولەکان لەلایەن مامۆستای شارەزا و پسپۆڕەوە پێشکەش دەکرێن. هەروەها بەشداربووان لە کۆتایی خولەکاندا بڕوانامەی فەرمی وەردەگرن کە دەبێتە بەڵگەنامەیەکی گرنگ بۆ دۆزینەوەی هەلی کار.
پڕۆژەکە هەروەها یارمەتی بەشداربووان دەدات لە دۆزینەوەی کار پاش تەواوکردنی خولەکان، کە ئەمەش لایەنێکی زۆر گرنگە بۆ دڵنیاییکردن لەوەی کە فێربوونی پیشەکە دەبێتە دەروازەیەکی ڕاستەقینە بۆ بازاڕی کار و دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەنجان.