
ئەمڕۆ لە دەڤەری ڕاپەڕین، دکتۆر میران محمد، سەرپەرشتیاری بازنەی ڕاپەڕین، پێشوازیکرد، لە هەڤاڵ کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لەکۆبوونەوەکەدا، کە جەزای سەید مەجید سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ٢٤ راپەڕین و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و هەڤاڵانی بەرپرسی بازنەکان ئامادەیبوون، باسی ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن کرا.
کاروان گەزنەیی لەکۆبوونەوەکەدا، سڵاوی سەرۆک بافڵ و پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ دووپاتکردنەوە، و ڕایگەیاند، کە ڕاپەڕین گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و ڕۆڵی قارەمانی و قوربانیدانی ئەم دەڤەرە هەرگیز لە بیر ناکەن.
باسی لەوەشکرد، بەغدا قوڵایی ستراتیژی هەرێمە و یەکێتیش وەکو هێزێکی بێ ڕکابەر لە بەغدا تێدەکۆشێت، بۆ زامنکردنی هەموو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە چوارچێوەی دەستوور و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان.
لای خۆشیەوە، د.میران محەمەد سەرپەرشتیاری بازنەی راپەڕین، جەختی کردەوە، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانکردووە و روونیشیکردەوە، بازنەکانی هەڵبژاردن پلان و بەرنامەکانی یەکێتی بۆ ئەومەبەستە جێبەجێ دەکەن.






