قوباد تاڵەبانی: بە نەمانی سەرۆک مام جەلال بۆشاییەکی گەورە بۆ کورد دروستبوو


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری پانێڵێکی پێشکەشکرد.

دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تویژینەوە( مێری) لەهەولێر دەستیپێکرد و تێیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا رایگەیاند: لەئێستادا بەجۆرێک هەماهەنگی و رێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بەرزی نزمی هەیە و کرۆکی سەرەکی کێشەکانیش جێبەجێنەکردنی دەستوورە، بۆیە پێویستە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی و دوور لە میزاجمان لەگەڵ بەغداد هەبێت.
کێشەی مووچە هاووڵاتیان ماندوو کردووە
راشیگەیاند: گرفتى مووچە و کێشەى دارایى لەگەڵ بەغدا هاووڵاتییانى ماندووکردووە، هاوکات بەغداد شوێنی بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە هەربۆیە، پێویستە لە بەغداوە شەڕ بۆ بەدەستهێنانى مافەکانمان بکەین.
هەر لەدیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد: بەداخەوە لە دواى کۆچى دوایى سەرۆک مام جەلال بۆ کورد بۆشاییەکى گەورە دروست بووە، چونکە سەردەمى سەرۆک مام جەلال پرسە ستراتیجییەکانى هەرێمیش لە بەغدا گفتوگۆى لەسەر دەکرا.