قوباد تاڵەبانی: بە نەمانی سەرۆک مام جەلال بۆشاییەکی گەورە بۆ کورد دروستبوو

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی بەشداریكردنی لە دیداری مێری پانێڵێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: گرفتی مووچە و كێشەی دارایی لەگەڵ بەغداد هاووڵاتییانی ماندوو كردووە بۆیە، پێویستە لە بەغدادەوە شەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان بكەین، لەبارەی كەركوكیشەوە وتی: باوەڕمان بە روئیای مام بۆ كەركوك هەیە و ئەو خزمەتەی لە كەركوك دەكرێت سیاسەتی سەرۆك مام جەلالە.

دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تویژینەوە( مێری) لەهەولێر دەستیپێکرد و تێیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا رایگەیاند: لەئێستادا بەجۆرێک  هەماهەنگی و رێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بەرزی نزمی هەیە و کرۆکی سەرەکی کێشەکانیش جێبەجێنەکردنی دەستوورە، بۆیە پێویستە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی و دوور لە میزاجمان لەگەڵ بەغداد هەبێت.

کێشەی مووچە هاووڵاتیانی ماندوو کردووە

راشیگەیاند: گرفتى مووچە و کێشەى دارایى لەگەڵ بەغداد هاووڵاتییانى ماندوو کردووە، هاوکات بەغداد شوێنی بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە هەربۆیە، پێویستە لە بەغدادەوە شەڕ بۆ بەدەستهێنانى مافەکانمان بکەین.

هەر لەدیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد: بەداخەوە لە دواى کۆچى دوایى سەرۆک مام جەلال بۆ کورد بۆشاییەکى گەورە دروست بووە، چونکە سەردەمى سەرۆک مام جەلال پرسە ستراتیجییەکانى هەرێمیش لە بەغداد گفتوگۆى لەسەر دەکرا.

عيراق وڵاتێکی فیدراڵییە

روونیشیکردەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵێکی زۆریداوە، تا پێگەی خۆی لە بەغداد بەهێزکردووە، تاکو گفتوگۆکان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بکرێت، نەک لەسلێمانی و هەولێر، پێویستە ئەوە بچەسپێت کە عيراق وڵاتێکی فیدراڵییە.

راشیگەیاند:پێویستە ئێمە چۆن شەڕ دەکەین لەسەر لامەرکەزییەت و شۆڕکردنەوەى دەسەڵات لە بەغدادەوە بۆ هەرێمى کوردستان، بەوجۆرەش دەسەڵات شۆڕبکەینەوە بەسەر پارێزگا و قەزا و ناحیەکاندا، سەلمێنراویشە کە بابەتەكە  سیاسى نییە،  بەڵکو ئیدارییە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد: لەئێستادا لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنداین بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، نامەوێت ئەم هەلە بقۆزمەوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر سەیرێکی وتار و دروشمی لایەنە سیاسییەکان بکەین، هەمووی ئاڕاستەی بۆ ئەوەی لە بەغداد بەهێزببین، بە تایبەتی دروشمی حزبەکەی خۆم کە دەڵێین”هێزی تۆین لە بەغداد”، چونکە ئەم پرسە گەورەکان لە بەغداد چارەسەردەکرێن.

دەسەڵاتەکان رێکبخەینەوە

روونیشیکردەوە، عیراق یەک سەرچاوەی داهاتی هەیە، کە نەوتە، تا ئێستا یاسایەکی نییە بۆ رێکخستنی ئەو کەرتە، چۆن وڵاتێکی گەورە کە خاوەنی 46 ملیۆن کەسە، یاسایەکی نییە بۆ رێکخستنی ئەو کەرتە، کارەساتە وڵاتێکی خاوەن نەوت یاسای نەوت و گازی نەبێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشى خستەڕوو: پێش ئەوەى بیر لە زیادکردنى پارێزگا لە عیراق و هەرێمى کوردستاندا بکەینەوە، بادەسەڵاتەکان رێکبخەینەوە، چونکە هیچ سودى نییە و تەنها مەعنەویيەن خەڵک دڵخۆش دەبن، بەبوون بە پارێزگا ئەگەر  بودجە و میلاک و فەرمانگە و کەرەستەى پێویست بۆ فەرمانگەکانى نەبێت و گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت لە رووى كارگێڕییەوە هیچ سوودێکی نییە.


باوەڕمان بە روئیاى مام جەلال بۆ کەرکوک هەیە 

هەر لەدیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: ئێمە خوێندکارى سەرۆك مام جەلالین و یەکێتیش حزبى مام جەلالە، بۆیە سیاسەتەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە سەرۆکى یەکێتییەوە بیگرە هەتا هەریەک لە ئەندام و کادرەکانى چ لە ناو حزب چ لەناو حکومەت، باوەڕمان بە روئیاى مام جەلال هەیە بۆ کەرکوک، لە کەرکوک دەبێت هەموو پێکهاتەکان پێگەیان هەبێت و کەرکوک بە هى خۆیان بزانن.


ئەو خزمەتەی لە كەركوك دەكرێت سیاسەتی سەرۆك مام جەلالە

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك، وەك كوردێك هیچ كاتێك جیاوازی لەنێوان كورد و پێكهاتەكانی دیكەی شارەكەدا نەكردووە و بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵك و گەڕەكەكانی كەركوكی كردووە، چونكە لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونییەوە سەرۆك بافڵ و سەركردایەتی یەكێتی پێیان راگەیاندووە، “كە تۆ پارێزگاری كەركوكیت نەك پارێزگاری كوردانی كەركوك”، هەر بۆیە لە ئێستادا شارەكە پاكوخاوێنترە و ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری تێدا جێبەجێكراوە و كاری فەرمانگەكان خێراتر بوون، هاوكات چاوەڕوانی كاری باشتری لێدەكەین و ئەوەی لە كەركوك دەكرێت رێباز و سیاسەت و بەرنامەی سەرۆك مام جەلالە.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زەرەمەند بوون لەوەی كە بەشداری ئەنجومەنەكەیان نەكردووە، چونكە هەموو پارتییەكی شارەكە شانازی بەوەوە دەكەن كە كوردێك پارێزگاریانە.

ئەگەر یەكدەنگ نەبین لەحكومەتی داهاتوودا هەرێم زیانی بەردەكەوێت

لە كۆتایی پانێڵەكەیدا قوباد تاڵەبانی رایگەباند: مێژوو سەلماندوویەتی كەی لایەنە كوردستانییەكان پەرت بووبێتن، ئەوا كورد لاواز بووە، هەركاتێكیش لایەنە كوردستانییەكان یەكگرتوو بووبێتن ئەوا كورد بەهێزبووە، بۆیە زۆر ئاساییە یەكێتی و پارتی ركابەربن و لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی هەرێم جیاوازی بیروڕایان هەبێت، بەڵام بۆ ئەو پرسە ستراتیجیانەی كە پەیوەندیان بە ئایندەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە پێویستە یەكدەنگ بین، چونكە ئەگەر وانەكەین لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوودا هەرێمی كوردستان زیانی بەردەكەوێت.