پانۆرامای سەردانەکەی سەرۆک بافڵ بۆ بەغداد

جارێکی دیکە بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ داواکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە بەغداد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق و ژمارەیەک سەرکردەی لایانە سیاسییەکان کۆبووەوە، کە ئامانج لێی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردبوو، بەمەش سەلماندییەوە سەرۆک بافڵ هێزی تۆیە لەبەغداد و پشتیوانی لە مافە رەواکانی گەلەکەمان دەکات و دەستوور دەکاتە بنەمای چارەسەری کێشەکان.
لەدوو رۆژی رابردوودا سەرۆک بافڵ چاوی بە سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیرانی عیراق و سەرکردەی لایەنە عیراقییەکان کەوت و جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی بۆ خزمەتی میللەتەکەی بەکارهێنایەوە و داوای لەسەرۆک وەزیرانی عیراق کرد، پەلە بکرێت لە ناردنی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلول تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عیراق یەکبخرێت.
سەرۆک بافڵ بۆ سەرۆکوەزیرانی عیراق: ناردنی مووچە خێراتر بکرێت
لەیەکەم کۆبوونەوەی سەردانەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە بەغداد کۆبووەوە و داوای لە سەرۆکوەزیرانی عیراق کرد رێککارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عیراق یەکبخرێت و هاوکات جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عیراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو ێککەوتنەدا خرانە بەر باس.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عیراق و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کرد و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە و لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی کرد بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.
هاوکات، خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عیراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە.
سەرۆک بافڵ: زەمینەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بڕەخسێت
هەر لەدرێژەی کۆبوونەوەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێویستی رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد جەختی لەسەر کرایەوە و داواکرا هەموو لایەک بەبەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بانگەشەیەکی شارستانییانە بەڕێوەببەن و پرۆژە و هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکاندابێت.
هاوکات پرسی رێککەوتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و عیراق تاوتوێکرا و جەخت لە پابەندبوونی هەردوولا بە رێککەوتنەکەوە کرایەوە، بەشێوەیەک مافی خەڵک و دابینکردنی مووچە پارێزراوبێت و خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێنەوە.
سەرۆک بافڵ و قەیس خەزعەلی جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە
لەکۆبوونەوەیەکی دیکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق لە بەغداد کۆبووەوە و تێیدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتر لەنێوان هەردوولا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کرایەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵکی وڵات بێت کرایەوە.
سەرۆک بافڵ: کێشەکانی هەرێم و عیراق بەدەستوور چارەسەر بکرێن
هەر لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ موسەنا سامەڕائی سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە و چارەسەرکردنی تەواوەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنە سیاسییەکان بە گرنگ زانرا.
هەروەها پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق خرایە بەر باس و جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە.
سەرۆك بافڵ و ئەبو كەرار ئەلفرێجی جەخت لەخزمەتكردنی زیاتری خەڵك دەكەنەوە
پاشان بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەبو كەرار ئەلفرێجی ئەمینداری گشتیی حیزبی فەزیلە لە بەغداد كۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، جەخت لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا و كاركردنی پێكەوەیی و كاری هاوبەش بۆ خزمەتكردنی زیاتری خەڵك كرایەوە.
سەرۆك بافڵ و عامری جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دەكەنەوە
کۆبوونەوەکانی سەرۆک بافڵ بەمەبەستی چاودێریكردن و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نه‌وتیی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد و لابردنی سه‌رجه‌م ئاسته‌نگه‌كان له‌ به‌رده‌میدا و به‌ئامانجی زیاتر لێكنـزیككردنه‌وه‌ی هه‌ردوو حكومه‌ت لەبەغداد بەردەوامی هەبوو، لەوچوارچێوەیەشدا چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان ئەنجامدرا و چەندین پرسی گرنگ تاوتوێکران.
لەگەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانیشیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغداد كۆبوونەوە و بەگرنگییەوە ئاماژە بە پەیوەندی دۆستانە و لەمێژینەی نێوان هەردوولا كرا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەلومەرجی سیاسیی عیراق و هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد كرایەوە.
سەرۆک بافڵ و سەرۆک کۆمار: زامنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت
هەر لە بەغدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عیراق لە بەغداد کۆبوونەوە و پێویستی بەردەوامی دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان سەرجەم لایەنەکان و کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو خزمەتکردنی وڵات و پاراستنی ئارامی و ئاسایش و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد جەختی لەسەر کرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغداد بە پێویست زانرا بۆ نەهێشتنی تەواوی بەربەستەکان و پابەندبوون بە دەستوور و یاسا بەرکارەکان و پاراستنی مافی هەموو لایەک کە زامنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.
هاوکات، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی سەرۆککۆماری کرد لە نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان و وتی: یەکێتی هەمیشە لەگەڵ دیالۆگدایە، چونکە بەرژەوەندیی گەلەکەمان و خەڵکەکەمان لە بەردەوامی سازان و شەراکەتی راستەقینەدا دەبینینەوە و بەغداد قوڵایی ستراتیجی سیاسیمانە.
سەرۆک بافڵ: یەکێتی پابەند دەبێت بە بنەما نیشتیمانییەکانەوە
هەر لەدریژەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم کۆبووەوە و هاریکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا خرایە بەر باس و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە بۆ کارکردنی پێکەوەیی و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک.
کۆبوونەوەکە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە کە گوزارشت لە ئیرادەی سەرجەم هاوڵاتییان و نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵات بکات.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە کۆبوونەوەکەدا بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و سەرۆک بافڵ وتی: یەکێتی پابەندە بە بنەما نیشتمانییەکانەوە و بەرژەوەندیی خەڵکەکەمان لە بەغداد دەبینێت، بۆ ئەوەش بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ دابینکردنی مووچەی خەڵکەکەمان و زامنکردنی ژیانیان.
سەرۆک بافڵ: هەڵبژاردن ببێتە پێشخستنی دیموکراسی و خزمەتگوزاری
هاوکات بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبووەوە و پێشهات و گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی وڵات و ناوچەکە بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان و هاریکاریی هەمەلایەنە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خاوێن کرایەوە کە ببێتە مایەی پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک.
دوانیوه‌ڕ‌‌ۆی رۆژی شه‌ممه‌ 11ی10ی2025، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان کە به‌ ئه‌ندازیاری رێككه‌وتنی نه‌وتیی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد داده‌نرێت، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرسی مووچه‌ و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نه‌وتیی و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرسی گرنگی دیکە سه‌ردانی به‌غدادی کرد و چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەکان ئەنجامدا، بەمەش سەلماندی وەك هەمیشە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەخەمی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پرسی مووچە و شایستە داراییەكانییاندایە، لەوپێناوەشدا چەندین جار سەردانی بەغدادی کردووە و لەچەند رۆژی رابردووشدا سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ هەریەک لە (محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆككۆماری عیراق، فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق، نوری مالیكی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی هاوپەیمانیی تەقەدوم، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، موسەنا سامەڕائی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی عەزم، ئەبو كەرار ئەلفرێجی، ئەمینداری گشتیی حیزبی فەزیلە و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح) كۆبووەوە.