یەكێتی، هێزی رەوای خۆی لەجەماوەرەوە وەردەگرێت و پشتییوانی دەنگی میللەتەكەمان دەكاتە هێزی بەدیهێنانی مافە دەستوری و داوا رەواكانی خەڵکی کوردستان

دووشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، فەرماندەیی یەدەگی ڕاپەڕین لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا، وەک هەمیشە جەختیان لەسەر پاڵپشتی کردنی یەکێتییەکەیان کردەوە و داوایان لە کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین و کوردستان کرد دەنگ بە لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن و وتیشیان لیستی یەکێتی لیستی سەرۆک مام جەلال و شەهیدان و تێکۆشەران و کۆمەڵانی خەڵک و هێزی نیشتمانییە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ بورهان سەعید سۆفی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هەڤاڵ د. میران محمد ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاری بازنەی هەڵبژاردنی گشتی ڕاپەڕین و ژمارەیەک لە هەڤاڵان بەڕێوەچوو، وێڕای بەرز و پیرۆز نرخاندنی ڕۆڵی فەرماندە قارەمانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغە جیاکانی خەبات و میراتی شکۆمەندانەیان، جەخت لەسەر گوتاری نیشتمانی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرایەوە و باسیان لەوەشکرد دروشمی (هێزی تۆین لەبەغداد) تەنها دروشمێكی هەڵبژاردن نیيە بۆ بانگەشە، بەڵكوو هەڵقوڵاوی هێزی جەماوەر و پشتیوانی میللەتەكەمانە، گوتیشیان وەک هەمیشە یەكێتی، هێزی رەوای خۆی لەجەماوەرەوە وەردەگرێت و پشتییوانی دەنگی میللەتەكەمان دەكاتە هێزی بەدیهێنانی مافە دەستوری و داوا رەواكانی خەڵکی کوردستان.