قوباد تاڵەبانی: سەرۆک بافڵ لەبەغدا تەواوی کێشەکان چارەسەر دەکات


راستییەکی تاڵ بەڵام حاشاهەڵنەگرە لە دوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال کە حزوری یەکێتی لە بەغدا لاوازبوو، کە پێگەی یەکێتی لە کوردستانیش لاوازبوو، دۆخی ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیش لاواز بوو. هەمووان دەزانن چەندین بڕیاری ستراتیژیی هەڵە دران کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان تێکدا و پێگەی هەرێم و قەوارەی هەرێمیان خستە مەترسییەوە.

لەگەڵ برای بەڕێز و خۆشەویستم کاکە شاڵاو و هەروەها برای خۆشەویستم کاک لیوا ئەیوب و لەناو کۆڕی هەڤاڵانمان لە نازەنین، جەختمان کردەوە کە ئەم یەکێتییەی ئەمڕۆ بەهێزترە لە هەر کاتێكی دیکە و خاوەنی بڕیاری خۆیەتی. ئەم یەکێتییە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ کێشەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە چارەسەر دەکات و رێگە نادات کەس بە بڕیار و سیاسەتی هەڵە جارێکی تر ژیان و گوزەرانی خەڵک و داهاتووی هەرێم بخاتە مەترسییەوە.
با بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرابێت، یەکێتی خاوەنی قسەی خۆیەتی، وەکچۆن هاوسەنگی هێزی رێکخستەوە، وەکچۆن لە کەرکوک قسە و بەڵێنی خۆی بردەسەر، وەکچۆن بەبێ رەزامەندی یەکێتی و سەرۆک بافڵ حکومەتی هەرێم پێکنایەت. بە دڵنیاییشەوە ئەمجارەش قسەی خۆی دەباتەسەر و لە بەغداوە کێشەکانی هەرێم چارەسەر دەکات.