ژنانی بیتوێن، زەنگی سەرکەوتنی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی لێدەدەن

ڕانیە – دووشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥

لە کەرنەڤاڵێکی گەورەی جەماوەریدا، کە لە هۆڵی ڕۆشنبیری ڕاپەڕین بەڕێوەچوو، سەدان ژنی رانیە و دەڤەری بیتوێن یەکەم زەنگی سەرکەوتنی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لێدا و دووپاتیانکردەوە کە بۆ ١١ی١١سەرکردایەتی تۆمارکردنی سەرکەوتنە مێژووییەکە دەکەن.

کەرنەڤاڵەکە کە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڤاڵان دکتۆر میران محمد، سەرپەرشتیاری بازنەکانی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، سەید جەزا سەید مەجید، سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، هەڤاڵ ئارام قادر خەبات و ژمارەیەک لە تێکۆشەران و کاندیدەکانی لیستی ٢٢٢ی یەکێتی دەستیپێکرد، هەڤاڵ شیرین یونس، سەرپەرشتیاری بازنەی هەڵبژاردنی ژنانی ڕاپەڕین، لە وتەی کردنەوەی کەرنەڤاڵەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەبوونی ئاپۆرای ژنان لەم کەرنەڤاڵەدا دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە مێژووییەیە کە تەنها یەکێتی لەخەمی ژناندا بووە و هەر یەکێتیش پێشەنگی بەدیهێنەری مافە بەدینەهاتووەکانی ژنان دەبێت.
هەڤاڵ سەرپەرشتیاری بازنەکانی هەڵبژاردن لە وتەکەیدا ستایشی هێزی ناوازەی ژنانی دەڤەرەکە و بیتوێنی کرد و تیشکی خستە سەر گۆڕانکاری بەرچاوەکانی پێگەی ژنان لە یەکێتییدا و ڕوونیکردەوە کە هێز و وزە و توانای ئێستای ژنانی ڕاپەڕین هەرگیز بەراوردناکرێ بە ساڵانێک لەمەوبەر. وتی ژنانی ڕاپەڕین ئێستا پەرلەمانتار، سەرۆکی زانکۆ، بەڕێوەبەر و ئەستێرەی درەوشاوە و پێشەنگی بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئیداری، ڕێکخراوەیی، ڕۆشنبیری و وەرزشی ناوچەکە و کوردستانن. وتیشی ئاپۆرای ئەمڕۆی ژنانی بیتوێن، زەنگی سەرکەوتنی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و هەر بۆیە لەبری پشتیوانی بۆ لیستی ٢٢٢، داوا لە ژنانی بیتوێن و دەڤەری ڕاپەڕین دەکەم، بفەرموون بە گروتینێکی زیاترەوە سەرکردایەتی تۆمارکردنی ئەم سەرکەوتنە لە ١١ی ١١دا بکەن.