سەرۆک بافڵ لە وەراتی کۆیەوە: هەموو کوردستان بەیەکچاو سەیر دەکەین


بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری کۆیە کەرنەڤاڵی جەماوەری سەرخستنی لیستی 222ی یەکێتی بەڕێوەچوو،کە تیایدا سەرۆک بافڵ وتارێکی پێشکەش بە جەماوەری یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد و رایگەیاند: ناچینە حکومەتێکەوە کە بەیەکچاو سەیری هەموو کوردستان نەکات.

لە وتارەکەیدا سەرۆک بافڵ رایگەیاند، ناچینە ناو حکومەتێک تا دڵنیا نەبین، هەموو ناوچەکان وەک یەک خزمەت دەکرێت، دووپاتیشی کردەوە، کە حکومەتی هەرێم دامەزرا زابخودێ بەو هێزەوە وەک لایەنەکان ناکەین و بەڵێن دەدەین بە یەکچاو سەیری هەموو کوردستان دەکەین و ئێمە حزبی سەرۆک مام جەلالین و بۆ هەموو کوردستان خزمەت دەکەین.
ئێمە لە هەموو کوردستان خۆشەویستین، ئەگەر لە هەموو کوردستان هەڵبژاردن بکرێت، ئەو کات دەیانبینن کێ لە کوردستان بەقوەترینە.

سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان بە خوێنی ئێوە دامەزراوە و ئێمە دەیپارێزین، ئەو کاتە کە مووچە نەدەهات لە بەغدادەوە هاتن و وتیان مووچەی سلێمانی دەدەین، وتمان سوپاس نامانەوێت، هەولێر و دهۆک سەوزە، کوردستان هەمووی بە یەک چاو سەیری دەکەین، هەر لەبەر ئەوەشە کە رێز لە یەکێتی دەگیرێت لە بەغداد.

سەرۆکی یەکێتی روونیشی کردەوە، جاری وایە قسەکانمان زبرە، بەڵام بە دڵێکی پاکەوە سیاسەت دەکەین و غەدر لە کەس ناکەین، بە 18 کورسییەوە هێندەی هەموو حزبەکانی دیکە خزمەتمان کرد لە بەغداد، بۆیە داوا دەکەم بە کورسی و دەنگی زیاتر بمانێرن بۆ بەغداد، ئەو کات زیاتر خزمەتتان دەکەین و بۆتان دەسەلمێنین ئێمە هێزی تۆین لە بەغداد.

سەرۆک بافڵ ئاشکراشی کرد، ئێمە تەنها شەڕ بۆ بوودجە و مووچە ناکەین، پرۆژەی ستراتیژی و بزنسی گەورە لە بەغدادەوە دێت، داوام لە پارێزگاری کەرکوک کرد کە رێگایەک لە نێوان کەرکوک و تەقتەق دروستبکات، ئەو رێگایە خزمەت بە بازرگانی و زۆر لایەنی دیکە دەکات.

پەیوەست بە کریستیان و پێکهاتەکانیش سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، زیاتر لە جاران خزمەتیان دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەورەترین هەڵە ئەوەیە لە ماڵەوە بن یان دەنگەکان بسوتێنن، خاڵی دووەمیش ئەوەیە دەنگ بەلایەنێک بدەن کە هیچ ناکات و دەڵێت قبوڵی ناکەم، ئەوەش هەر سوتاندنی دەنگە، بۆیە دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە قوربانی زۆری بۆ کوردستان داوە، بڕۆن دەنگ بدەن و سندوقەکان سەوز بکەن، کاندیدەکانیش بۆ خزمەتی ئێوە دەچنە بەغداد و لەئەمڕۆ بەدواوە پێشمەرگەی ئێوەن