قوباد تاڵەبانی: خەڵک لە کوێ بێت، یەکێتی لەوێ دەبێت


قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: قەت سەرکردایەتیی یەکێتی وەک ئێستا یەکدەنگ و یەكهەڵوێست نەبووە، یەکێتی بڕیاری داوە حیزبی خەڵک بێت و خەڵک لە کوێ بێت، یەکێتی لەوێ دەبێت.

قوباد تاڵەبانی لە هەڵمەتی بانگەشەی لیستی 222ی یەکێتی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند: تا چەندین ساڵ لەمەوبەر جەماوەر و ئەندامان و کادرانی یەکێتی بە حەق گلەیی و رەخنەیان لە حیزبەکەیان هەبوو کە بۆچی سەرکردایەتییەکەی یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نییە، ئەیانوت بۆچی ئەو سەرکردایەتییە لە جەماوەرەکەی دوورکەوتووەتەوە.

وتیشی: لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی هەریر و خەلیفان ئاماژەم بەوەدا لەم چەند ساڵەدا لەژێر رۆشنایی رەخنەکانی جەماوەر و کادران، یەکێتی بە سەرۆکایەتیی کاک بافڵ پێداچوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیدا کردووەتەوە، قەت سەرکردایەتیی یەکێتی وەک ئێستا یەکدەنگ و یەكهەڵوێست نەبووە، ئێستا سیاسەت و بڕیاری یەکێتی رێک بڕیار و هەڵوێستی کادران و جەماوەرەکەیەتی.

ئاماژەی بەوەش کرد: هەر بەمەش ناوەستین، بڕیاری کاک بافڵ و سەرکردایەتییە کە پێداچوونەوەی زیاتر بە رێکخستنەکاندا دەکرێت بۆ ئەوەی دەرفەتی هیچ بۆشاییەک نەمێنێت و هەمووان هەست بە کاریگەری بکەن لەناو سیاسەت و رێکخستنەکانی یەکێتی، چونکە یەکێتی بڕیاری داوە حیزبی خەڵک بێت و خەڵک لە کوێ بێت، یەکێتی لەوێ دەبێت.