
قەڵادزێ – بە پشتیوانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی ئەکادیمی لە راپەڕین و قەڵادزێی ناوەندی قەزای پشدەر، لە هەنگاوێکی گرنگدا بەردی بناغەی بینای نوێی کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان لە شاری قەڵادزێ دانرا.
پ.ی.د. پەیمان رەمەزان، سەرۆکی زانکۆی راپەڕین، ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییەی بەسەرکردەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ژینگەی خوێندنی زانستە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەدی بهێنێت، لە لێدوانێکدا دەڵێت: بە پشتیوانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی ئەکادیمی لە راپەڕین و قەڵادزێی ناوەندی قەزای پشدەر، بەردی بناغەی بینای نوێی کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان لە شاری قەڵادزێ دانرا.
وتیشی: پڕۆژەکە بە تایبەتمەندی مۆدێرن و ئاستی بەرزی تەکنیکی ناسراوە، بینایەکی سێ نهۆمی دەگرێتەخۆ، لەسەر رووبەرێکی بەرفراوانی چوار هەزار مەتری دووجا دروستدەکرێت. ئەم بینا نوێیە زیاتر لە دە تاقیگەی پێشکەوتوو و سی و شەش هۆڵی خوێندن لەخۆ دەگرێت، کە دەرفەتی فێربوونی پەیوەست بە پراکتیک بۆ سەدان خوێندکار دابین دەکات.
ڕوونیشیکردەوە: گوژمەی گشتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە چوار ملیار و شەش سەد و نەوەد ملیۆن دیناری عیراقی دەبێت، کە وەبەرهێنانێکی گرنگە لە بواری پەروەردە و گەشەپێدانی توانای مرۆیی لە دەڤەری ڕاپەڕین و قەزای پشدەردا بە تایبەتی.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانەکانی بەردەوامی گەشەپێدانی ژێرخانی خوێندنی باڵا لە کوردستان دێت، بە مەبەستی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ فێرکردن و لێکۆڵینەوەی زانستی لە بوارە جیاوازەکانی زانستە کشتوکاڵییەکاندا.
