
قوباد تاڵەبانى سەرپەرشتیاری بازنەی هەولێری لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ هەڤاڵانی پێشمەرگە و خانەنشینانی پێشمەرگە و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکانی سنووری راپەڕین کۆبووەوە و رایگەیاند: دەرگای ماڵە گەورەکەی یەکێتی هەمیشە کراوەیە بەڕووی یەکێتییە زویربووەکان و بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەش سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست دەهێنین.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: دەرگای ماڵە گەورەکەی یەکێتی هەمیشە کراوەیە بەڕووی یەکێتییە زویربووەکان، هەم ئەوان بەشێکن لە یەکێتی و هەم یەکێتی بەشێکە لە مێژوو و شوناسی ئەوان.
داواشی لێکردن بە هەمان روحی یەکێتییانە و پێشمەرگانەوە لەم ماوەیەدا یەکێتییە زویربووەکان ئاشت بکەنەوە و هانی خەڵک بدەن بۆ دەنگدان بە یەکێتی، چونکە ئەم یەکێتییەی ئێستا هەمان ئەو یەکێتییەیە هەمیشە داوایان کردووە و ئەو یەکێتییەیە کە خەڵک ئومێدی پێیەتی و دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.
قوباد تاڵەبانی دووپاتیشی کردەوە: یەکێتی هەم خاوەنی مێژوویەکی جوان و درەوشاوەیە و هەم توانای قەناعەت پێهێنانی هەیە، بۆیە تەنها مونافیسی یەکێتی هەر خۆیەتی و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن چاوی لە سەرکەوتنی گەورەترە.






