پێکەوە بەرەو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکەکەمان و بەرزڕاگرتنی ناوبانگی میدیایی ڕاستگۆ و پیشەیی یەکێتییەکەمان

بەشی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین – بازنەکانی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین


هەڤاڵان و هاوڕێیانی میدیاکاری خۆشەویست

لەم ساتەوەختە مێژووییەدا، کە بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی پێهات، بەشی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین – ڕاگەیاندنی بازنەکانی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، بە دڵێکی پڕ لە سوپاسگوزاری و ڕێزلێنامەی چڵە زەیتوونییەوە، دەستخۆشی و پێزانینی بێپایان ئاراستەی هەموو ئێوە دەکات کە وەک تیمێکی یەکگرتوو، شانەشانی یەکتر، داستانێکی نوێتان لە خزمەتگوزاری میدیایی نووسییەوە.

لێپرسراوانی ڕاگەیاندنی کۆمیتەکان و بازنەکانی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، ستونی سەرەکی ئەم کارە مەزنە بوون، بە درێژایی شەو و ڕۆژانی بانگەشە، بێ ماندووبوون خەریکی ڕێکخستن و هەماهەنگی بوون تا دەنگی لیستی ٢٢٢ی یەکێتی بگاتە گوێ و بەرچاوی خەڵک لە هەموو گۆشەیەکی دەڤەرەکەدا. تیمەکانی سۆشیال میدیا لە فەیسبووک و ئینستاگرام و تیکتۆکەوە بگرە تا ئێکس و یوتیوب، بە خێرایی و وردبینییەوە پردێکی پتەوتان دروستکرد بۆ پەڕاندنەوە و گەیاندنی پڕۆگرامی لیستەکەمان بە هاوڵاتییان، هەواڵسازان و نووسەران بە قەڵەمی بەهێزتان، گرافیک دیزاینەران و فۆتۆگرافەران بە چاوێکی هونەریانە، هەواڵنێران و پەیامنێران بە ئامادەبوونیان لە هەموو کەرنەڤاڵ و ڕووداوێک، ئەدمینەکان بە بەڕێوەبردنی پلاتفۆرمەکان، هەموو بە یەکەوە کۆڕاڵێکی بەهێزتان پێکهێنا.

پەیامنێرانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی دەنگی گەلی کوردستان، چەناڵی گەلی کوردستان، کوردسات و مایکی Raparin24، دەنگتان گەیاندە هەموو ماڵێک، بەرنامە و دیمانە و پەخشە ڕاستەوخۆکانتان کەناڵێکی سەرەکی بوون بۆ گەیاندنی پەیامی ئومێد و گۆڕانکاری. ستافی سایتی Raparin24.com و تیمی تەکنیکی بنەمای تەکنۆلۆژیای کارەکەمان بوون، بێ ماندووبوون کارتان کرد تا سایت و پلاتفۆرمەکان بە باشترین شێوە کار بکەن، لەگەڵ سەرجەم هەڤاڵانی پشتیوان لە پلاتفۆرمەکان بە کۆمێنت و لایک و شێرکردنەوەکانیتن، پەیامەکانتان بەربڵاوتر گەیاندە هەزاران هەزار کەس.

ئەو سەرکەوتنەی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەدەستمان هێنا، بەرهەمی کۆشش و دڵسۆزی و خەمخۆری هەموو لایەکتان بوو. ماندووبوونەکانتان، شەوبێدارییەکانتان و بەرپرسیارێتییە بەرزەکەتان هیچ کاتێک لەبیر ناکرێت. نیشانتاندا کاتێک تیمێک بە یەکەوە کار دەکات، بە هەماهەنگی و متمانەوە، دەتوانێت کاری مەزن ئەنجام بدات و پەیامی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بگەیەنێتە دڵی خەڵکی خۆشەویستی دەڤەری ڕاپەڕین.

لە قووڵایی دڵەوە، سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەریەکێک لە ئێوە، ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبێت و پێکەوە بەرەو بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر هەنگاو دەنێین بۆ خزمەتی خەڵکەکەمان و بەرزڕاگرتنی ناوبانگی میدیایی ڕاستگۆ و پیشەیی یەکێتییەکەمان.

بەشی ڕاگەیاندنی
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین – بازنەکانی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین