هونەری فرۆشتنەوەی شکست بەسەرکەوتن، بەرهەمی پەروەردەی مەکتەبی ڕۆماتیزمی سیاسییە.


کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، هەڤاڵانی تێکۆشەر، لە بازنەکانی هەڵبژاردنی ڕاپەڕین، پێشمەرگە، کۆمەڵەکانی پێشمەرگە، ڕێکخستنە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامبووانی سەنگەر، تیمی یەکێتی لە ئیدارەی ڕاپەڕین، مامۆستایان، زانایانی ئاینی، ژنان، گەنجان، خوێندکاران، وەرزشکاران، سەندیکا و ڕێکخراوەکان، ڕۆشنبیران، کەسایەتی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵکی خۆڕاگر و بە ئەمەکی دەڤەری هەمیشە سەوزپۆشی ڕاپەڕین.

بە سڵاوی گەرمی ڕێی خەباتەوە، سوپاسی یەکبەیەکتان دەکەین، تێکۆشانە بێوچانەکانتان لە پێناو جێبەجێکردنی نەخشەڕێی سەرخستنی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەڤەرەکەدا، بەرز و پیرۆز دەنرخێنین. هاوکات پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە مەزنەتان لێدەکەین، بە دەستهێنانی زیاتر لە ٦٠ هەزار دەنگی دەنگدەرانی دەڤەرەکە، بەرهەمی تێکۆشانی ئێوەیە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و دەستگرتن بە سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، هەڤاڵبەندی و یەکڕیزی و بەشداریی کاریگەر و چالاکانەتان، بوونە مایەی ڕاپەڕین و تۆمارێکی تری سەرکەوتن و سەروەری بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ گەلەکەمان لە دەڤەرە خۆشەویستەکەماندا. سەلماندتانەوە ئێوە ڕۆڵەی ڕاستەقینەی خەباتی ناو سەنگەرە سەنگینەکەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و میللەتەکەمانن، هەر ئەمەشە پیرۆزی و شایەنی پیرۆزبایی.

ئەوانەی لە بەرەبەیانی بوونیانەوە، بە ناوی دیموکراسییەوە، ئیشیان دژایەتیکردنی دیموکراسی بووە و بوونیادەکەیان لەسەر تیرۆرکردنی تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کورد لە باکور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دامەزراوە و ناوی خۆیان لە خەڵکیتر دەنێن، نەک خەڵک و دەنگدەر و دەنگدان ئامانجیان نییە، لە وەهمی بێدەنگی بۆ خەڵک و دەسەڵات بۆ خۆیاندا دەخولێنەوە. هونەری فرۆشتنەوەی شکست بە سەرکەوتن، لە فەرهەنگی تەمومژاوی ئەواندا نوێ نییە، لە مەکتەبێکی موخابەڕاتی هەرێمایەتی تایبەتدا فێرە ئەم زمانە کراون – مەکتەبی ڕۆماتیزمی سیاسی. لەوێ فێر بوون کارەساتی هەکاری و هەرەس، خیانەتی سی و یەکی ئاب و دەیانی تر، چۆن وەک شانازی پاساو بدەن، لەوێ فێر بوون چۆن گوتاری نەرێتی و پۆپۆلیزمی خێڵگەرایی بۆ تێکدانی بوونیادی کۆمەڵایەتی پەرەپێبدەن و وەک دەستکەوتیش دەرخواردی خەڵکی بدەن. قارەمانەکانی خوڵقێنەری تراژیدیای نەتەوەیی لە هەڵبژاردنی بیستی دەی ٢٠٢٤د، پێنجەمی ڕیزبەندی حزبەکان و لە هەڵبژاردنی یازدەی یازدەی ٢٠٢٥یشدا شەشەمی ڕیزبەندی بوون، لە سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، کەچی نوقڵانەی ملیۆنی موزەییەف و خێڵەکی، بەسەر خەڵکی دەڤەرەکە و کوردستاندا دەبەشنەوە.

هەموو خەڵکی کوردستان دەزانن، یەکێتی و ڕاپەڕین دوانەی شۆڕش و ڕاپەڕین و تەواوکاری یەک ڕێگەی سەرکەوتن هەتا نەسرەوتنی بەردەوامن… پیرۆزتان بێت ئەم سەرکەوتنە مەزنە، سڵاو بۆ ئێوە هەڤاڵان، دروود بۆ شەهیدە قارەمانە هاوسەنگەرەکانمان و تێکڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری، ئازادی و دیموکراسی کوردستان.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین