
هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، تاوانێکی تیرۆریستی گەورە و بە ئامانجگرتنی ژیان و گوزەرانی رۆژانەی خەڵک و ژێرخانی ئابووریی کوردستان و هەموو عێراقە. چەند بارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاویی کردەییە.
ئەرکی حکومەتی فیدراڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە. هەروەها جەخت دەکەینەوە بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گروپ و هێزی دەرەوەی دەوڵەت چیتر قبوڵکراونییە و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە. هەربۆیە هەنگاوی سەرەکیی حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت کۆتاییهێنان بەم دۆخە و سزادان و کۆکردنەوەی گروپ و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت بێت.
