گوندی لاجان کراوە بە زیندانێکی گەورە بۆ خەڵکەکەی


ئەوەی هەتا ئێستا لە گوندی لاجان بەردەوامە، وێنەیەکی زۆر ترسناک و دەرخەری قەیرانێکی قووڵی ئیداری و سیاسییە لە هەولێر، بێدەنگبوون لە بەرامبەریدا هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

گوندیک دانیشتووانەکەی بە ئاشتییانە داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن – هەلی کار و خزمەتگوزاری – کەچی لەبری بەدەنگەوە چونیان دەسەڵاتی حزبی بە ناوی حکومەتەوە بە هێزی چەکدار و بە گوللە وڵامیان دەداتەوە، خەڵکی شەهید و بریندار دەکەن، ئەمە نەک هەر تەنها ناعەدالەتییە، بەڵکوو سوکایەتی و پێشێلکردنی بە ئاشکرای کەرامەتی مرۆڤە لە ژێر ئەو عەقڵییەتە حزبی و حکومڕانیکردەدا.

ئەم ڕەفتارە ستەمکار و دوژمنکارانەیەی هێزە خێڵەکییەکان بە ناوی حزب و حکومەت و سەروەری یاساوە کە دەرهەق بە خەڵکی سڤیلی گوندی لاجان دەکەین، هەڕەشەیەکی ترسناک و لاوازی دامەزراوەکان و نەبوونی میکانیزمی دیمۆکراتیانەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەو سنوورەدا. لەجیاتی گوێگرتن لە دەنگی خەڵک و ئەنجامدانی چارەسەر، بە گەمارۆدان و هەڕەشە وەڵام دەدرێنەوە. ئەمە هیچ جیاوازیی لەگەڵ سەردەم و ڕێکارەکانی ڕابردوو نییە.

کۆکردنەوەی هێزەکان لە لاجان و پەلاماردانی خەڵکەکەی لەلان ئەم هێزانەوە، هیچ پاساویکی بۆ نییە کە دژ بە هاوڵاتییانی ئاشتیخوازی گوندەکە دەکرێت. ئیشی هێزەکانی حکومەت بەرقەرەر کردنی ئاسایش و پارێزگاریکردنە لەسەر و ماڵ و موڵکی خەڵک، نەک کوشتن و بریندار کردن و ڕاوەدونانی خەڵک.

بەردەوامبوون لە گەمارۆدان و هەڕەشەکردنی دوای کوشتن و بریندار کردنی گوندنشینانی لاجان، نیشانەی ئەوەیە هیچ نیازێک نییە بۆ دانانی بەرپرسیارێتی یان دۆزینەوەی چارەسەر. بەپێچەوانەوە، هەوڵێکە بۆ ترساندنی زیاتری خەڵکەکە و کپکردنی هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی ژێر هەیمەنە و هەژموونیان.

گوندی لاجان ئەمڕۆ زیندانێکی گەورەیە و داواکراوانی تاوانبار گەنجانن تەنها بەهۆی داوای ژیانێکی شەرەفمەندانە دەکەن. ئەمە لە هیچ کۆمەڵگەیەکدا کە بانگەشەی دادپەروەری و ئازادی دەکات نەک هەر قبووڵکراو نییە، دەسەڵاتەکەی جێگەی گاڵتەجاری پێکردنە.