کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان رووداوێکی گەورەیە و ئاماژەیە بۆ گرنگی و بەهێزیی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و کوردستان لە ئێستا و لە داهاتوودا

لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختم کردەوە و دەرگای هەرێم و هەموو پارێزگا و ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بەڕووی پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو لەگەڵ ئەمریکادا لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش بوارەکانی ئەمنی و ئابووری و بازرگانی و کلتووری.
روونیشم کردەوە بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێم سەلمێنەری ئەوەیە کە دەبێت ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت.
ئاماژەمان بەوەشکرد ئامادەین بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
سوپاسی ئەمریکاشم کرد لە هاوکاریکردنی هەرێم بۆ چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختیشمان کردەوە لەسەر بەردەوامیی پرۆسەکە تا ئەو کاتەی دەبینە خاوەنی هێزێکی راهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی و دوور لە هەرچەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەکی حیزبی.