
بە سەرپەرشتیی وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بەغدامان کرد و لە یەکەم وێستگەدا لەگەڵ بەڕێز فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبووینەوە.
هاوڕابووین، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسییە بۆ هەموو گەلی عێراق و هیوامان خواست بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن حکومەتێک پێکبهێنرێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی و رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.
روونیشمان کردەوە یەکێتی پێیوایە بەشێکی گەورەی کێشەکانی عێراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر دەکرێن، هەربۆیە یەکێتی، پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی هەموو مادەکانی دەستوور بە تەنها رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو عێراقێکی سەقامگیرتر و گەشەسەندوو دەزانێت.
جەختیشمان کردەوە بودجە مافێکی دەستووریی خەڵکی کوردستانە و دەبێت حکومەتی داهاتووی عێراق وەک ئەرکێکی دەستووری بەشە بودجەی هەرێم دابین بکات و نابێت ئەم مافە دەستوورییە بخرێتە چوارچێوەی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانەوە.
