
ئەمڕۆ سەردانی چەمچەماڵم کرد بۆ ئەوەی لە ساتی قەیران و ناخۆشیدا لەگەڵ گەلەکەماندا بوەستین. قەبارەی وێرانکاری و زیانەکانی لافاوەکەی رۆژی ڕابردوو دڵتەزێنە. لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی لەو خێزانانە دەکەم کە ئازیزانیان لەدەستداوە. پشتیوانی تەواوی ئەو ئازیزانەش دەبم کە بەهۆی ئەم کارەساتەوە زیانیان بەرکەوتووە.
بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونی رووداوی هاوشێوە، دوو فەرمانی بەپەلەمان دەرکردووە.
یەکەیەکی فریاکەوتنی خێرای مرۆیی و چاکبوونەوەمان دامەزراندووە و ئەرکدارە بە:
– دابینکردنی خێرای پێداویستییەکان بۆ زیانلێکەوتووان، وەک شوێنی حەوانەوە و خۆراک و ئاوی پاک و پشتیوانیی پزیشکی.
– هەماهەنگ کردنی چالاکییەکانی حکومەت و ئاسایش و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان.
– ئاساییکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی پێویست.
– تۆمارکردنی خێزانە ئاوارەکان و گەیاندنی هاوکاری.
– دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هەموو تیمەکانی فریاکەوتنی ناوخۆیی و ناوچەیی.
– ئامادەکردنی پلانێکی ڕوون بۆ چاککردنەوە و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی هاوشێوە لە هەفتەکانی داهاتوودا.
هەروەها لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە تا بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکان و چۆنییەتی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لەم جۆرە رووداوانە لە داهاتوودا بکات.
ئەمڕۆ سەرنجمان لەسەر یارمەتیدانی گەلەکەمانە. سبەینێ بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێین و لێپرسینەوە لە هەر کەمتەرخەمییەک دەکەین. خەڵکی چەمچەماڵ، شۆڕش، پیریادیەکان و گەرمیان دڵنیا دەکەینەوە کە بە تەنها جێیان ناهێڵین و لەگەڵیان دەبین تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبینەوە لە ئاسایی بوونەوەی دۆخە.
هێزی چەمچەماڵ، وزە و ئیرادەی خەڵکەکەی و ئەو هاوسۆزی و پشتیوانییەی خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانە. هەموومان پێکەوە و دەست لەناو دەست ئاوەدانی دەکەینەوە.
