مه‌كته‌بی سیاسی یەکێتی: ئیدانه‌ی هه‌ڕ‌ه‌شه‌كردن له‌گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین و قبوڵی ناكه‌ین

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەپەیامێکدا هێرشەکانی چەکدارانی سوریا بۆ سەر کورد ئیدانە دەکات و رایگەیاند: ئیدانەی بێدەنگی بەرامبەر هەڕەشەکردن لە گەلەکەمان دەکەین کە جێی قبوڵ نییە و پێمانوایە، ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی و نێوەندگیرانی رێككەوتننامەی دیمەشقە دژی ئاڵۆزییەكان  و سەنگەر لێگرتن لە هاوڵاتییانی مەدەنی بوەستنەوە.

راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان …

نیگەرانی قوڵی خۆمان لەو رووداوانەی  چەند رۆژێكە، لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا روودەدەن ، دەردەبڕین، وێڕای هاوسۆزیمان لەگەڵ گەلەكەمان لە رۆژئاوا کە لە جیاتی دونیا  قارەمانانە شەری دژی تیرۆرستانی داعشی کرد، ئیدانەی بێدەنگی بەرامبەر هەڕەشەکردن لە گەلەکەمان دەکەین کە جێی قبوڵ نییە و پێمانوایە، ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی و نێوەندگیرانی رێككەوتننامەی دیمەشقی لە 10-3- 2025 یش ئەوەیە دەستبەجێ دژی ئاڵۆزییەكان  و سەنگەر لێگرتن لە هاوڵاتییانی مەدەنی بوەستنەوەو  گوشار بكەن بۆ پایەداركردنی بژاردەی ئاشتی  نەك بژاردەی شەڕ كە دەرئەنجامەكەی لەبەرژەوەندیی هیچ لایەك نابێت، بەتایبەت دوای  پەرەسەندنەکانی هەڵاتن و دزەكردنی چەكدارانی داعش ، لە زیندانەكان ، بۆیە پشتگیریی خۆمان لە گەلەکەمان و لە هەر هەوڵێك دووپات دەكەینەوە  کە ئەو مەترسیانە وەک خۆی دەبینێ و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نەخوازراوەدا دەکات.