
وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی و پێکهاتوو لە هەر یەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و خالید شوانی، سەردانی بەغدایان کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیاندا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 24ی1ی2026 بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، وەفدەکەی یەکێتی جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت و کار بکات بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و گەشەپێدانی ئابوری عیراق و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری.
روونیشیان کردەوە کە یەکێتی پێیوایە دەبێت ئەولەوییەتی حکومەتی داهاتووی عیراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت لەسەر بنەمای دەستوور.
