
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و پێکهاتوو لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و د.خالید شوانی و د.یوسف گۆران لە بەغدا لەگەڵ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە(24/1/2026) بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان زیاتر پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لە ئاست قۆناغەکەدا بێت و بتوانێت ئاسایش و سەقامگیری عێراق بپارێزێت.
جەختیشیان کردەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور.
